ڤیان سەبری بۆ KDP: لەم دوو ڕۆژەدا کێشە تەکنیکیەكانی ناردنی مووچە چارەسەر دەکرێن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ بەغدا و فاکتەرێکە بۆ ئەو کێشانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە چارەسەر بکرێت، چەند زوو بگەنە ڕێککەوتن لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک دایە.
دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو باشتر بچێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت ئەو کێشانەی ماون".
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: "لەم دوو ڕۆژە کێشەکانی تەکنیکی ناردنی مووچەی مانگی چواریش چارەسەر دەکرێت و ئەویش ڕەوانە دەکرێت، بەھۆی ئەوەی لە مانگی ڕابردوو ئەو جۆرە کێشانە ھەیە، بەڵام چارەسەر دەکرێن و کێشەی تەکنیکین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "گفتووگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک دایە، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەر بکرێن و بگەنە ڕێککەوتن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پێشوازیەکی زۆر گەرمی لێ کراوە و بەپێی سەرجەم ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکانیش ئەنجامەکان ئیجابی و دڵخۆشکەرن ئەمەش بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن.
بڵند ئیبراھیم




