وەزارەت بۆ KDP: شەپۆلی بەھێزی ئەمجارەی باران و سەرڕێژ بوونی بەنداوەکان دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەھۆی ھاتنی شەپۆلێکی باران بارین چاودێری بەنداوەکان دەکەین و ھێشتا بەشێک لە بەنداوەکان سەر ڕێژیان نەکردووە.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی پێشبینی کەشناسی شەپۆلێکی باران بارین ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕێژەیەکی زۆری باران دەبارێت و ئەگەری لافاویش ھەیە، لەبەر ئەوە ئێمە وەکو وەزارەت چاودێری ڕەوشەکە دەکەین بۆ پاراستنی بەنداوەکان".
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "ھەموو کات چاودێری بەنداوەکان دەکرێت، بەتایبەتی کاتی ھاتنی شەپۆلی بەھێزی باران".
کەریم سلێمان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تا ئێستا ڕەوشی بەنداوەکانی ھەرێم لە کۆگاکردنی ئاو باشە، بەشێک لە بەنداوە بچووکەکان پێشتر سەر ڕێژیان کردووە، بەڵام ھێشتا بەنداوە گەورەکان ماون تا سەرڕێژ بکەن، بەتایبەتی ھەردوو بەنداوی دووکان و دھۆک، ھەر بارانێک لەمەودوا دەبارێت کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر بەنداوەکان".
قائید میرۆ




