٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیاندنی پارتی بە بۆنەی (٥٧)ەمین ساڵیادی دەرچوونی پیرۆزبایی له‌ ڕۆژنامەی (التاخی) دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٥٧)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (التاخی)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیرانی ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامەی (التاخی) کرد.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (٥٧)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامەی (التاخی).

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیرانی ڕۆژنامەی (التاخی)

ئەمڕۆ (٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤) بیرەوەری (٥٧)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (التاخی)یە، ئەو ڕۆژنامەیە کە بە بڕیار و ڕێنوێنی (بارزانیی نەمر) دەرچوو، دەستکەوتێکی دیکەی گرینگی میدیایی پارتیمانە بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری ڕاگەیاندن بە گشتی، ھەروەھا لە ڕووی تەکنەلۆجیا و پەیوەندی پێکردنەوە لەو سەردەمە پێشکەوتووەی ئینتەرنێت و شۆڕشی پەیوەندیکردن و زانیارییەکان، بایەخی خۆی ھەیە، جگە لەوەی بە زمانی عەرەبیش دەردەچێت، بۆیە ڕۆڵی ئێوە و ڕۆژنامەکە زۆر دیار و کاریگەرە. 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی گرینگی و کاریگەری خۆی ھەیە بەو پێیەی ئامرازێکی بنەڕەتی گەیاندنی ھەواڵ و زانیارییە، بەمەش چەندین خەسڵەتی ھەیە و لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گونجاوە، وەکو خێرایی و بەربڵاوی و ئاسانکاریی لە گواستنەوەی ھەواڵ و ڕاپۆرت و بوارەکانی تری ڕۆژنامەگەری، لەسەرینی ئەمەوە ڕۆژنامەی (التاخی)یش پێویستە زیاتر ئەو ڕۆڵەی خۆی ببینێ و بە پێی بنەما ڕاست و دروستەکانی پەیامی خۆی سات بە سات بە خوێنەرانی بگەیەنێت.

بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە ئێوەی ھێژا و خوێنەران و ئاشنایانی ئازیزی ماڵپەڕی ڕۆژنامەکە، پشتیوانی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەی (التاخی) بە ھیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر لە کارەکانتان و ئومێدەوارین بۆ ساڵی داھاتوو لە ھەموو ڕوویەکەوە بەرەو پێش بچن.

سڵاو و شانازی بۆ ئەو کەڵەنووسەرانەی دڵسۆزانە و لە خۆبردووانە بەیداخی ڕۆژنامەی (التاخی)یان ھەمیشە بڵند و سەرفرازانە ھەڵکرد.

 

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٩ ی نیسانی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار