سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده عێراقییه‌كان، دۆخى وڵات تاوتوێ ده‌كه‌ن

ھەولێر-KDP.info- له دووه‌م ڕۆژى سه‌ردانیدا بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2024/4/28، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى دیدار و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌ركۆمار، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌وه‌كاله‌ت و ڕاوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى، چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانى عێراقدا ئه‌نجامدا.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان، سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم سه‌رۆکی ڕه‌وتی نیشتمانیی ئه‌لحیکمه، د. عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر و سیاسه‌تمه‌دارى دیارى عێراقى، سابت ئه‌لعه‌بباسى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی حه‌سمى نیشتمانى، نوورى ئه‌لمالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌تى یاسا، هادی ئه‌لعامری، سه‌رۆكى ڕێکخراوی به‌در، موسه‌ننا ئه‌لسامه‌ڕائی، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی ئه‌لعه‌زم، د. حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتر و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی نه‌سر، عه‌بدلساده ئه‌لفرێجى، ئه‌میندارى گشتیى هاوپه‌یمانیى نه‌هجى نیشتمانیى عێراقى و شێخ خه‌میس ئه‌لخه‌نجه‌ر، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى سیاده، دۆخى عێراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداى تاوتوێ كرد.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و دامه‌زراوه فیدراڵییه‌کانی عێراق به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، هه‌روه‌ها ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستانى به به‌شێكى دانه‌بڕاو له ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق به‌گشتى له قه‌ڵه‌م دا.
به‌ڕێزیان به پێویستى زانی هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراق پیكه‌وه هاریكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م وڵات و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداى به كلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر و پێشكه‌وتن بۆ ته‌واوى عێراق زانى، بۆ ئه‌مه‌ش جه‌ختى له پیویستى و گرنگیى به‌رده‌وامیى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان كرده‌وه.
لاى خۆیانه‌وه به‌ڕێزان سه‌ركرده‌كانى هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان، پشتگیریى خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستایش و پێزانینیان بۆ هه‌وڵه‌كان و ڕۆڵى سه‌رۆك نێچیرڤان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و به‌رده‌وامیى سه‌ردان و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كاندا، دووپات كرده‌وه.
دابینکردنی بودجه و شایسته دارایییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، پشتیوانی له جێیه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنه سیاسییه‌کان و کارنامه‌ی حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر دۆخى عێراقه‌وه، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ناوچه‌كه و جیهان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌ركرده عێراقییه‌كان بوو.




