٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب بابەتی کۆبوونەوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی سەرۆکی هەرێم لە بەغدا ده‌خاته‌ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دڵشاد شەھاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی و سەرکردەکانی عێراق پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی فیدڕاڵی بە سەرۆکایەتی سوودانی دووپاتکردەوە.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، تاوتوێی دەرئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا و سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بابەتەکانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی بایەخ بووە، بەتایبەتی پرسی ئەمنی و ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە زیانێکی زۆری ئابووری بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە.

دڵشاد شەھاب گوتی: "خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و ھاوبەش ھەیە بۆ سەرجەم پرسەکان و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی پێکھێنانی کابینەکەی سوودانی و جێبەجێکردنی دەستوور".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، دڵشاد شەھاب باسی لەوەشکرد: کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە بارەی وردەکاری ڕێککەوتنەکان ھەنگاوی باشی بڕیوە و بەردەوام دەبن.

لە بارەی پرۆژەی ھەژماری من، دڵشاد شەھاب ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی ھەرێمی کوردستان دڵنیاییدانە بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات تێگەیشتنی ھاوبەشی باشیش ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا و بە دڵنیاییش دەگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران بێت.

ھەروەھا وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باسی لەوەشکرد: ھەموو لایەنە عێراقییەکانیش لەسەر ئەو دیدگایەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانن کە ھەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشداری بکەن و بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاویش کە بەشداری ھەموو لایەنەکان بە پێکھاتەکانەوە لە ھەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین و سەردانیان دەکەین و ھەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنەکان کار لەسەر ڕێککەوتنێکی ھاوبەش بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش یونامی لەسەر ھێڵە.

هەواڵی پەیوەندیدار