لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا
__2024_04_23_h18m0s32__HK.jpg)
سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.
کاوە شێخانی، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاددین بۆ کاروباری ئەمنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەدین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ئەوانیش بەندە وەک ڕاوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری ئەمنی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بەکاربووم، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی پارێزگاکەش بەر برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوت.
ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین گوتیشی: پۆستی ڕاوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری ئەمنی بۆ کورد زۆر گرینگە لەو پارێزگایە، بەتایبەتی کورد لە بواری ئەمنی ھیچ دەزگایەکی لەو سنوورە نییە و ھەبوونی پۆستێکی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین بۆ کورد ھەنگاوێکی باشە.
لەبارەی ڕەوشی ئەمنی پارێزگاکەشەوە کاوە شێخانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھێشتا پاشماوەی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای سەلاحەددین ھەن، بەڵام ھیچ جوولەیەکی ئەوتۆیان نییە، چونکە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان شارەزایی تەواویان ھەیە لەسەر پیلانەکانی داعش لەو سنوورە و ڕەوشەکە تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
قائید میرۆ




