٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەنداوەکانی دھۆک نوژەن دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای دھۆک دەڵێت: ژمارەیەک بەنداو بەھۆی لافاوی مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە، بڕیارە ھەموو ئەو بەنداوانەی زیانیان پێگەیشتووە نوژەن بکرێنەوە.

ئەندازیار ھێژا عەبدولواحید، بەڕێوەبەری ئاودێری دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەھۆی لافاوی مانگی ڕابردوو شەش بەنداو لە سنووری دھۆک زیانیان بەرکەوتووە، لە پارێزگای دھۆک لیژنەیەک لەبارەی زیانی لافاوی ڕابردوو پێکھاتووە بە مەبەستی نوژەنکردنەوەی بەنداوەکان، لیژنەکە پێشنیارەکانی داوەتە پارێزگای دھۆک و چاوەڕێی وەڵامین بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی نوژەنکردنەوەی بەنداوەکان.

لە سنووری پارێزگای دھۆک ٥٦ بەنداو ھەن، نۆ بەنداوی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بەھۆی بارینی بارانێکی زۆر و دروستبوونی لافاو زیان بە ژمارەیەک بەنداو گەیشتووە و مەترسی لەسەر بەنداوەکان دروست کردووە.

ئەندازیار ھێژا عەبدولواحید گوتی: ئێمە ھەشت بەنداوی دیکەمان ھەیە ئێستا کاریان تێدا بەردەوامە و بەپێی گرێبەستەکانیان ئەمساڵ ئەو نۆ بەنداوەش کۆتایی دێن، دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەرییان ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو و زیادبوونی ئاو، جگە لەوەش بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری بەکار دێن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار