سه‌ركۆمارى توركیا به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه

ھەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2024/4/22 له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركیا و شاندێكى یاوه‌رى، گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان و له فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر له‌لایه‌ن به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه پێشوازى لێكرا.
دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ردانى ئه‌مڕۆى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراقى فیدراڵ، په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له بوارى ئابوورى و بازرگانى و هاریكاریى ئه‌منیدا، تاوتوێ كران.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى توركیا له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه له ناوچه‌كه فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هاوكارى و پشتگیریى توركیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان له كاته سه‌خته‌كاندا، كرد.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له ئاماده‌ییى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیادا كرده‌وه، هه‌روه‌ها باسى له دهرفهتهكانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه له دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامییان به كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان داوه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش و بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى له هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكى له پێویستی و گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كان كرده‌وه.
ڕێککهوتتنامه و یاداشته‌کانی لێکگه‌یشتنی تورکیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند باس و بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون.




