مانگی داھاتوو ٢٥٠ مێگاواتی کارەبا بەرھەم دێت
__2024_04_22_h15m38s29__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا دەڵێ: گەیشتووتە نزیکەی چوار ھەزار مێگاوات، لە مانگی داھاتووش ٢٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێت و دەچێتە ناو تۆڕی گشتی، دەشڵێ، لەگەڵ زیادبوونی غازی سروشتی ڕەوشی بەرھەمھێنانی کارەباش باشتر دەبێت.
پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێستا بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە سێ ھەزار و ٨٠٠ تا چوار ھەزار مێگاوات، پڕۆژەی وێستگەی بەرھەمھێنانی بازیانیش ھەیە .. پێشبینی دەکەین مانگی داھاتوو ئەویش بکەوێتە کار و ٢٥٠ مێگاوات کارەبای لێ بەرھەمبێت، ئەویش دەخرێتە ناو تۆڕی گشتی کارەبای ھەرێم، وێستگەکە بەبێ سووتەمەنی و لەسەر وێستگەکانی پێشتر کارەبا بەرھەم دێنێ.
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا دەشڵێت: وێستگەی کارەبای خورمەڵەش فراوان دەکرێت و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، ئەویش تا کۆتایی ئەمساڵ دەکەوێتە کار و ٦٠ مێگاوت کارەبا بەرھەم دێنێ.
پێشڕەو نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: چەندە بەرھەمی غازی سروشتی زیاتر بێت ئەوە کاریگەری لەسەر ڕەوشی کارەبا ھەیە و کارەبا باشتر دەبێت، وەزارەتی کارەباش بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ زیاد کردنی بەرھەم.
قائید میرۆ




