KDP زانیاری نوێ لەسەر بەشە خۆراکی مانگانە بڵاو دەکاتەوە
بەغدا-KDP.info- نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕەتیکردەوە بەشە خۆراکی مانگانە کەم کرابێتەوە و دەڵێ، ئەمساڵ دابەشکردنی بەشە خۆراک باشترە لە ساڵی ڕابردوو کۆگاکانیش پڕن لە خۆراک بۆ دابەشکردن.
حوسێن سەبری، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ھەرێم لە بەغدا، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو زانیاریانەی لە ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا لەبارەی کەمکردنەوەی بەشە خۆراکی مانگانە بڵاو دەکرێنەوە ھیچ بنەمایەکی بۆ نیە و بەھیچ شێوەیەک بەشە خۆراکی مانگانە کەم نەکراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ سەبەتەی خۆراکی مانگی ڕەمەزان ساڵانە ھەندێ ماددە زیاد دەکرێت یان بڕەکەی زیاد دەکرێت ھاووڵاتیانیش دەزانن ھەموو ڕەمەزانێک سوودمەندن لەو خۆراکەی زیاد دەکرێت".
نوێنەری ھەرێم لە بازرگانی عێراق گوتیشی: "دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان ئەو خۆراکەی زیاد دەکرێت بۆ مانگەکانی دوای ڕەمەزان دەبڕدرێت و تەنیا بۆ مانگی ڕەمەزانە، بۆ نموونە باس لە بابەتی برنج دەکرێت کەم نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو نیو کیلۆیەی بۆ مانگی ڕەمەزان زیادکراوە بۆ مانگەکانی دیکە نادرێت".
حوسێن سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بە پێچەوانەوە ئەمساڵ ڕەوشی دابەشکردنی خۆراک زۆر باشترە لە ساڵی ڕابردوو، چونکە ئێمە ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا دوو بەشە ئارد دابەش کرابوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا سێ بەشە خۆراک دابەشکراوە، ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ھیچ کێشەیەک و کەم بوونەوەیەک لە بەشە خۆراکی مانگانەدا نیە و کۆگان پڕن لە بەشە خۆراکی مانگانە بۆ دابەشکردن".
قائید میرۆ




