٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی(١٢٦)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە خۆشەویستەکانی کوردستان ھەیە، ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان و ھەروەھا لەپێناو بەھێزکردنی فەرھەنگ و ھۆشیاریی کۆمەڵگە و ھاووڵاتیان جێبەجێ بکەن.

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا..

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بە بۆنەی سەد و بیست و شەشەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی کە ھاوکات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەم.

ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران ئەرکێکی پیرۆز و ھەستیاریان لەسەر شانە کە بریتیە لە پێدانی زانیاری و ھۆشیاری و ئاراستەکردن و پێشخستنی کۆمەڵگە، لەو یادەدا داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە خۆشەویستەکانی کوردستان ھەیە، ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان و ھەروەھا لەپێناو بەھێزکردنی فەرھەنگ و ھۆشیاریی کۆمەڵگە و ھاووڵاتیان جێبەجێ بکەن.

پێویستە ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەیان ھەمیشە لەیاد بێت کە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی کاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەرگریکردن لە ناسنامە و مافەکانی گەلی کوردستان و، لە ھەمانکاتیشدا ئامرازن بۆ پاراستنی بەھاکان و قووڵترکردنەوەی فەرھەنگی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی لەناو خەڵکدا.

ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز و ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموو ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار