پەیامی مەسروور بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی(١٢٦)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە ھەرێمی کوردستان و لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ ھیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن.
دەقی پەیامی مەسروور بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا..
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە ھەرێمی کوردستان و لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ ھیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و کەم وکورتی و کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت، حکوومەتیش وەک ھەمیشە ھاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە ھاوکاریی ھەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین.
ھیوادارم ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان بێت.
پێویستە میدیاکارانی کوردستان، ھەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەھاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بھێنرێت.
ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردی پیرۆزبێت لەم یادەدا، ھەموو پشتیوانی و پشتگیرییەکی خۆم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی بیروڕا لە ھەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٢ی٤ی٢٠٢٤




