پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی(١٢٦)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن لە ڕاستگۆیی، ھاوسەنگی، بێلایەنی.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی..
١٢٦مین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (٢٦)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەگەرمی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا داکۆکی لە زەمینە و ژینگەی ھاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەکانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دەکەمەوە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاریانە ڕۆڵی پیشەییی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و ھاوکارێکی گرنگ لە پڕۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و کرانەوەی کۆمەڵگادا.
لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەک بنەمایەکی سەرەکیی ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازادیخواز دووپات دەکەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن لە ڕاستگۆیی، ھاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە ھەواڵی ساختە و زمانی زبر، ھەروەھا ھاندەری پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و پارێزەری بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان بن.
ھاوکات ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ ھەر کەیسێکی بواری ڕۆژنامەوانیدا بکەن.
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەھید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامەگەریی کوردستان تەرخان کرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤




