٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاڤین شێخ سەعید: مانگی ئاب پڕۆژەی جووتسایدی باعەدرێ تەواو دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا _KDP.info_ پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەی جووتسایدی باعەدرێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە و بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵ تەواو بکرێت.

کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی جووتسایدی باعەدرێ ڕێژەی ٧٠%ی تەواوبووە و کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە، لە نزیکەوە سەردانی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی جووتسایدی باعەدرێمان کرد و بەدرێژایی ٢٢ کم کاری تێدا دەکرێت و پازدە ملیار دیناری لێ خەرج کراوە، بڕیارە گوژمەی شانزدە ملیاری دیکەیشی بۆ خەرج بکرێت و لەمانگی ئابی ئەمساڵ تەواو بکرێت.

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ڕێگایەکی سەرەکی و بگرە نێودەوڵەتیشە، بەداخەوە ساڵانی ڕابردوو بەھۆی خراپی ڕێگاکە چەندین ڕووداوی ھاتوچۆ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕوویداوە و ژمارەیەک ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی، ڕێگاکە هێندە خراپە بە ڕێگای مەرگ ناسراوە.

کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پڕۆژەکە لەسەر بودجەی حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ دەکرێت، ئەویش دوای ھەوڵێکی زۆری بەندە و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق توانیومانە ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە وەربگرین، ئەو پڕۆژەیە دوای تەوابوونی کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ڕووداوی ھاتوچۆ دەبێت، جگە لەمە چەندین پڕۆژەی دیکە لەسەر داوای ئێمە چوونەتە بواری جێبەجێکردن.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار