٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبوار کاکەیی: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر  _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر دەڤەرەکە و شاری ھەولێر دەبێت، دەشڵێ: پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی سنوورەکە لەبواری ئاو کە چەندین سوودی دەبێت.

ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەنداوی بەستۆڕە  یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئێستا لەژێر جێبەجێکردنە، پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست دەکرێت و قۆناغی باشی بڕیوە، بەنداوەکە ٣٠ مەتر درێژە و توانای کۆگاکردنی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە.

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر دەشڵێت: مەبەست لە دروستکردنی بەنداوەکە زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و ئاودێری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاوە لەسەر دەڤەرەکە، چەندین سوودی دیکەشی ھەیە، لەوانە بەخێوکردنی ماسی و پاراستنی ژینگە وگەشەی کەرتی گەشتیاری.
ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە بە ٢٠ ملیار دینار جێبەجێدەکرێت و بەشێوەیەکی خێرا کاری تێدا دەکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەین لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا تەواو بکرێت، دوای تەوابوونیشی سوودی زۆری دەبێت بۆ ناوچەکە و شاری ھەولێریش، چونکە پڕۆژەکە نزیکە لە سەنتەری شار.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار