وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان، بۆ بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەی نیشتمانی و تاقیكردنەوە گشتییەكان، تیمی وەزارەت لەگەڵ دامەزراوەكانی ئاسایش و پۆلیس ئامادەسازیی دەكات بۆ رووبەڕووكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لە رێی سۆشیال میدیاوە، دەیانەوێت قوتابیان و خوێندكاران فریو بدەن.
باس لەوەش كراوە، پەیجێك هەیە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرا و لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لەسەر سكاڵای وەزارەتی پەروەردە، كەسانێك گیران.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە قوتابیان و خوێندكاران دەكات، بەهەموو جۆرێك دووربن لەو فریودانانە و بێ ئەنجامن، هەروەها هەر كەسێكیش ئەو كارانە بكات هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت ساڵی پار، ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە تەنانەت پاش تەواوبوونی پرۆسەی تاقیكردنەوەكانیش بێت.




