شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان شیعە و سوننەکاندا

ھەولێر-KDP.info- شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی دەڵێت، دەبوایە دادگای فیدڕاڵی دووربا لە گوشاری ھەندێک لایەن و ئیحراجکردنی لایەنێکیتر و پێویستبوو بڕیارەکانی دادپەروەرانە بوایە.
عەلی تەحسین ئەلحەیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەبێت ھەڵبژاردنی کوردستان ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بێت و بۆ ئەوەی پارتی بەشداری بکات، چونکە پارتی حزبێکی گەورەیە و بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ھیچ مانایەکی نییە چونکە پارتی خاوەن ئیرادە و مێژوو و جەماوەرێکی گەورەیە".
لە بارەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا گوتیشی: "ئێستا پەیوەندییەکانی ھەردوو حکوومەتی ھەولێر و بەغدا بەرەو باشتر دەڕۆن دوای خەرجکردنی مووچەکان، ھەرچەندە ئەگەر کاتیش بێت، بەڵام ئێستا جۆرە لێکتێگەیشتنی زۆر ھەیە بۆ ھەناردەکردنی نەوت و ناردنی مووچە، ھاوکات ھەردوو سەرۆک حکوومەت محەممەد شیاع سوودانی و مەسروور بارزانی دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن بەڵام ھەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگی دروست بکەن، بەڵام ھەردوو سەرۆک حکوومەت جددین لە چارەسەرکردنی کێشەکان ئەگەر ھەندێک خاڵی ناکۆکیش ھەبن ئەوا دەستوور خاڵی چارەسەرکردنیانە".
لە بارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە عێراق و ناوچەکەدا، عەلی تەحسین جەخت دەکاتەوە، لەوەی کە ھیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بکات لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیدا و ڕۆڵی گەورەو مێژووی سەرۆک بارزانی دیارە پێش و دوای ساڵی ٢٠٠٣، ھەروەھا لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقیشدا و ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقدا و ڕۆڵێکی گەورە ھەیە لە عێراقی نوێدا و ھیچ لە حکوومەتەکانی عێراق بەبێ سەرۆک بارزانی پێکنەھێنراون.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "ھەر کاتێک دەرگا داخرابووا، سەرۆک بارزانی ئەو دەرگایانەی دەرکردەوە، ھەروەھا کاتێک پێکھێنانی حکوومەت لە نێوان مالیکی و عەلاوی بووەتە کێشە ئەوا سەرۆک بارزانی بوو بە حیکمەتی سیاسیی و خۆی کێشەکەی چارەسەری کرد، ئەگەر کێشەیەک لە نێوان لایەنە سووننەکان دا دروستبوایە ئەوا پەنایان بۆ سەرۆک بارزانی دەھێنا، بینیمان لە نێوان خەنجەر و حەلبووسی و لایەنەکانی تریش ئەوا سەرۆک بارزانی بوو چارەسەری دەکرد".
حەیانی ئاماژەیشیدا، جگە لە پرسەکانی تریش، کاتێک داعش دەست بەسەر ناوچە سوننی نشینەکانی داگرت سەرۆک بارزانی بوو کە باوەشی شارەکانی کوردستانی بۆ خەڵک کردەوە، ھاوکات سەرۆک بارزانی خاوەن حزبێکی گەورە و کاریگەرە لە عێراق و ناوچەکەدا و لە ناوخۆ و وڵاتە ئیقلمییەکان و نێودەوڵەتیەکانیشدا حیسابێکی گەورە و گرنگ بۆ سەرۆک بارزانی دەکرێت و زۆربەی لایەنە سیاسیەکان بە چاوێکی رێزەوە تەماشای خەباتی سیاسیی دەکەن".
کاروان باعەدری




