٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

له‌ بەرەبەیانییه‌وه‌ تا ڕۆژی دوایی جەژنی سەری ساڵی ئێزدیان لە KDPیه‌وە بزانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدیان (کۆنترین و پیرۆزترین جەژنی ئێزدیانە، ھەر ساڵێک ئەم جەژنە دەکەوێتە چوارشەممەی یەکەم لە مانگی نیسانی خۆرھەڵاتی، بە بڕوای ئێزدییانیش ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گەردوون.

ئێزدیەکان ئەم جەژنە بە چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی پیرۆز دەگێڕن، کە ئەمانەن:

ئێوارەی پێش ڕۆژی جەژن کە دەکاتە سێشەممە.

یەکەم: لە لالشی نوورانی چرا و مۆمەکانی خاس چاکەکانیان لەسەر ھەموو بەردێکی پەرستگایی لالش ھەڵدەکەن و ئاینداران بە قەوڵ و تێکستی ئایینی دوعا و نزاکان دەڵێن.

دووەم: منداڵ و پیاو ماقوڵانی گوند سەردانی دەوروبەری ناوچەکانیان دەکەن بە مەبەستی ھێنانی گیایەک بە ناوی (کاری) کە تەنیا لە ڕۆژانی جەژندا پێی دەڵێن (بێناڤ)  لەبەر پیرۆزی ئەم جەژنە و تیژی ئەم گیایە ناکرێت قسەی تیژ و دژوار بڵێین دەبێت بەو گیایە بڵێین کاری.

سێیەم: ئافرەتان ھێلکە ڕەنگاو ڕەنگ دەکەن ئەویش ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد، ھەروەھا نانێکی تایبەتیش بە ناوی سەوک (کولێرە) دروست دەکەن و بەسەر ماڵە ھەژارەکاندا دابەشی دەکەن.

چوارەم: ئافرەتان سەردانی قەبرستان (گۆڕستان) دەکەن و شتومەکی جەژن بەسەر ھەژاران دا دابەش ده‌كه‌ن.

پێنجەم: پیاو و گەنجان سەردانی مەزارگە و نیشانگەی پیرۆزی گوند دەکەن و ڕێبەری نیشانگەکان ئامۆژگاری و تێکستە ئایینییەکان دەخوێنن و شرۆڤەیان دەکەن.

بەرەبەیانی جەژن:

یەکەم: بەر لە خۆرھەڵات، ئافرەتی گەورەی خێزان کۆمەڵێک گوڵی سوور و گیایەک کە پێی دەڵێن (بێناڤ) و توێکڵی ھێڵکە بە ھەویری نانەوە بە دەرگای ماڵەوە ھەڵدەواسن وەک نیشانەیەک بۆ گەشانەوەی دونیا و ھاتنی خیر و بەرەکەت بۆ دونیا.

دووەم: ھەر ماڵێک کە مەڕوماڵاتی ھەبێت، دەبێت ماست بەسەر دراوسێ و کەسووکار و دەوروبەرەکانیاندا دابەش بکەن وەک جەژنانە.

سێیەم: پیاو و ریشسپیەکان سەردانی مەزارگەی ناوچەکەیان دەکەن و ھەموو ماڵێک خواردن دەبەن بۆ ئەو شوێنە و دواتر ھەموویان جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن.

چوارەم: ھەموویان جەژنی یەکتر پیرۆز دەکەن و چەندین یاریی جەژن دەکەن بە ناوی ھێلکەشکاندن.

پێنجەم: ھەموو خێزانێک ئەگەر کاری جووتیاری بکات، دەبێت توێکڵی ھێلکە لەناو زەوییەکەیدا بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی خێر و بەرەکەت بکەوێتە نێو زەوییەکەیەوە.

شەشەم: ھەر ماڵێک کە خاوەن مەڕوماڵات بێت، دەبێت لە ڕۆژی جەژندا شیری ئەو مەڕو ماڵاتانە نەدۆشێت، دەبێت ئەو شیرە بۆ بێچووەکانیان بێت و بەم کردارە دەڵێن (ستیکۆش).

ڕۆژی دوای جەژن..

یەکەم: پێشنیوەڕۆ شوانەکان مەڕو ماڵاتەکانیان لە له‌وەڕاندن دەگەڕێننەوە، بێریڤانەکان (کەتان) بە گوانی مەڕەکانەوە دەکەن و دواتریش دیاری بۆ شوان لەگەڵ خۆیان دەبەن.

دووەم : لە دوای ئەمەش دادەنیشن خەڵاتی شوانەکەی پێ دەبەخشن، لەوانەش نان و کولێرە و چەندین شتی تر.

سێیەم: کاتێک بێریڤانەکان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ھەر یەکێکیان پارچەیەک لە گۆپاڵەکە بە مەشکەکەیانەوە دەکەن، بەمەش کۆتایی بە جەژن دێت.

ھێـماکانی جەژن:

ھەموو ڕێوڕەسمێک لەم جەژنەدا ھێما و نیشانەی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەمووشیان نیشانەی کۆن و پیرۆزیی جەژنەکە دیار دەکەن، نموونەش:

یەکەم: ھێلکە مانای دروستبوونی زیندەوەرەکانە.

دووەم: ھێلکە مانای دروستکردنی گەردوونە لە لایەن خوا، بۆ شکاندنی ھێلکە چەندین واتای جۆراجۆریش ھەن.

سێیەم: بڵاوکردنەوەی توێکڵی ھێلکە لە نێو دەغڵودان، مانای خێر و بەرەکەتە لە نێویدا.

چوارەم: کوڵاندنی ھێلکە مانای ڕاوەستاندنی جەبرینی زەوی دەدات و ڕەنگاو ڕەنگکردنی مانای خەمڵاندنەوەی دەدات.

پێنجەم: بڵاوکردنەوەی نان و کولێرە، مانای تێکەڵبوونی خواردنەکانیانە و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانە.

شەشەم: ھەڵواسینی گوڵی سوور و گیای (بیناڤ) مانای دەستپێکردنی خۆشی و گەشبینییە.

ھەروەھا ئێزدیەکان لەم مانگەدا ھاوسەرگیری ناکەن و ھیچ بوکێک ناگوازرێنەوە چونکە بڕوایان وایە ئەم مانگە بووکی ساڵە ناکرێت ھیچ بووکێکی تری ھەبێت، ھاوکات دەبێت ئەوانەی لەیەک توڕەن دەبێت لەم ڕۆژەدا لەیەکتری ببوورن چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی لێبوردەیی و خۆشیە لە دونیادا.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممەی لە ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە بە پشوو.

ئێزدی لە جیھاندا زیاتر لە ملیۆنێک کەسن و زۆرترینیان دەکەونە ھەرێمی کوردستان و لە ناوچەی دھۆک نیشتەجێن، کە تا ئێستا ٧٤ جار رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.

 

ئامادەکردنی کــاروان بـــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار