٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سکرتێری یەکێتی ئافرەتان: بەرنامەیەکی فراوانمان بۆ باشکردنی رەوشی ئافرەتان داناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_  سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گوتی: لە دوای کۆنگرەی نۆ پرۆگرامێکی نوێمان پەسەند کردووە و ستافێکی نوێ دەستبەکاربووین، بەردەوامین لەسەر ئەنجامدانی کار و چالاکی و پڕۆژەکانمان بۆ جێبەجکیردنی ئەو ئەرک و ئامانجانەی لە پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ ئەم قۆناغە پەسەند کراون، بۆیە چاومان لەوەیە کاریگەری باشیان لەسەر باشکردنی ڕەوشی ئافرەتان ھەبێت.

زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆنگرە لە ژیانی ھەر ڕێکخراوێکدا، لە کاتێکدا چوونە نێو قۆناغێکی نوێیە بە پلان و بەرنامە و دیدگایەکی نوێ، ئەمەش بۆ ئەوەی بە گۆڕانکارییەکان ڕا بگەیت و لە ڕەوڕەوەی پێشکەوتن دوا نەکەوێت، لە ھەمان کات بەردەوامیدانیشە بە کارەکانی پێشتر، بە تایبەتی کاتێک کارەکان دامەزراوەیی و سیستەماتیک بن.

زیبا تەھا  گوتیشی: لەدوای کۆنگرەی نۆ پڕۆگرامێکی نوێمان پەسەند کردووە و ستافێکی نوێ دەستبەکاربووین، بەردەوامین لەسەر ئەنجامدانی کار و چالاکی و پڕۆژەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و ئەو ئامانجانەی لە پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ ئەم قۆناغە پەسەند کراون، بۆ زیاتر بەھێزکردن و دەوڵەمەندکردنی پلانی کارمان سوودمان لە ڕا و پێشنیازی کەسانی شارەزای بوارە جیاجیاکان وەرگرتووە.

تەھا باسی لەوەش کرد: پلانمان ھەیە لە نزیکترین کاتدا پەیکەری ڕێکخراوەییمان لەسەر ئاستی ناوەندەکان نوێ بکەینەوە، لە بوارەکانی پشتگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەندروستی بەرنامەمان بۆ خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان ھەیە، لە بواری پێگەیاندن و تواناسازی بە ھەمان شێوە، دەمانەوێت ھەم کادیرانی خۆمان بەشداربن لە بەرنامەکانی پێگەیاندن ھەم ئافرەتانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پرۆژەکانمان سودمەند بن و ڕۆڵی بەرچاومان ھەبێت لە ڕاھێنانی پیشەیی ئافرەتان و بوون بە خاوەن داھاتی سەربەخۆ، بە ھەموو ڕێگایەک پشتیوانی ئەو ئافرەتانە دەکەی کە توندوتیژییان لەدژ کراوە و بە میکانیزمی دیاریکراو لە جوارچێوەی پلانی ستراتیژی ڕێکخراوەکەمان کاری لەسەر دەکەین.

دەشڵێت: بەرنامەکانمان فراوان و گشتگیرن و چاومان لەوەیە کاریگەری باشیان لەسەر باشکردنی ڕەوشی ئافرەتان ھەبێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار