بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاروانی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام دەبێت
__2024_04_17_h15m54s14__ER.jpg)
سۆران _KDP.info_ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: ئەمڕۆ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی دوو پڕۆژە دانرا و لە چەند ڕۆژی داھاتووش بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە دادەنرێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاروانی ئاوەدانی لە سۆران بەردەوام دەبێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەکاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگ دادەنرێت، یەکێکیان قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئەیلوول و دروستکردنی دیواری پاڵپشتە بۆ چەند ناوچەیەک لە سەنتەری قەزای سۆران، ئەو دوو پڕۆژەیە گرنگی زۆریان ھەیە، چونکە زۆر جار ئەو خانوانەی دروستکراون مەترسی ڕووخانیان لەسەرە، دەمانەوێت ڕێگری لەو کێشەیە بکەین.
ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: ئێمە ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووش لە وەرزی زستانیش پڕۆژەکانمان ڕانەگیراون تەنیا لەکاتی باران بارین نەبێت، بۆیە ھەنگاوی باش نراوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ھەوڵدەدەین ئەو پڕۆژانە بەیەکەوە جێبەجێ بکرێن و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکە دادەنرێت، ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە.
شێخ نەجیب باسی لەوەش کرد: لەگەڵ کۆمپانیا دانیشتنمان کردووە و چاودێرییان دەکەین ھەر چۆنێک بێت پێویستە پڕۆژەکان لە ماوەی خۆیاندا جێبەجێ بکرێن و تەواو بکرێن، ئێمەش ھەوڵی جدی دەدەین شایستە داراییەکانییان بۆ خەرج بکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەکان بەردەوام دەبن، لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە کە پڕۆژەی جۆراوجۆرن، چونکە دەمانەوێت ژێرخانێکی باش بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکەین.
ناوبراو دەشڵت: بۆ جوانکردنی سیمای شاریش کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ناو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕێکبخرێتەوە و پڕۆسەکە دەست پێبکەین.
ئەو دوو پڕۆژەیە لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەیان بۆ دانراوە کە کۆمپانیایەک ھەر دوو پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.
بڵند ئیبراھیم




