٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەغدا و چەواشەكاری راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

مەولود داریاس

رۆژی یەكشەممە 24/3/2013 جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە سەردانێكی پێشتر رانەگەیاندراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبۆوە.

وەك ئەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەجێندەی سەردانەكەی راگەیاند، لەو سەردانەدا كیری پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بارزانی دەكات و گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی عێراق دەكەن، بەڵام بەشێك لە راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن قسەی ئەو بەرپرسە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایان بە پێداكردنی ترش و خوێوە تێكەڵاوكرد، بەناوی كیری هەواڵێكی چەواشەكاریان بڵاوكردەوە. من قسەم لەسەر تێكەڵاوكردنە ئامانج ئاشكراكەی هەردوو قسەكە نییە، چونكە هەڵبەستن و داڕشتنی هەواڵی دژ بە سەرۆك بارزانی بۆتە خویێكی دەقگرتووی ئەم راگەیاندنە چەواشەكارە، بەڵام پرسیارم لە بینەر و بیستەر و خوێنەرانی كورد ئەوەیە: ئەم هەڵگێڕانەوە بۆ؟ دڵی كێ خۆش دەكات؟ ئایا بەو شێوازە هەرێمی كوردستان باڵا دەبێت؟

بۆ كار ئاسانی خوێنەر و بیستەر و بینەران ئەو خستنەرووە بە پێویست دەزانم. جیاوازی كاری سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەفەندییەكانی پشت ئاراستەكردنی ئەو راگەیاندنە، ئەوەیە سەرۆك بارزانی هەموو كار و هەنگاوێكی هاوێشتویەتی و دەیهاوێژێ بۆ دابینكردنی ئایندەیەكی گەشە بۆ كوردستان، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیكەن لە پێناو بچوككردنەوە و ونكردنەوەی كوردستانە لە بۆتەی بەرژەوەندی خەڵكی نەیار بە پێشكەوتنی كوردستان، كاتێكیش نازناوە راستەكەیان بۆ خەڵك بەیان دەكەی، یەكسەر هاواریان لێ هەڵدەستێ و دەڵێن بەسە واز لە تەخوین كردنمان بێنن. بەهەرحاڵ كاركردن بۆ شكاندنی كورد بۆتە پیشەیەكی نرخ هەرزانیان.

پێشتر دەقی كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی ئەو بەرپرسە باڵایەم لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، كە تایبەت بوو بە ئەجێندەی سەردانەكەی كیری بۆ بەغدا خوێندبۆوە بەرلەوەی وەزیری دەرەوە لە بالیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بكات.

ئەو بەرپرسە باڵایە لە وەڵامی پرسیارێكدا لەسەر راكێشانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بێ رەزامەندی بەغدا دەڵێ: (( وەزیری دەرەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مسعود بارزانی دەكات، كە لە هەولێرە و باس لە گرنگی یەكێتی عێراق دەكات، ئەو رێوشوێنە جودایە لەگەڵ توركیا یا هەر دەوڵەتێكی دیكە گورز لە یەكێتی عێراق دەدات. كۆماری كوردی لەرووی داراییەوە بێ یارمەتی بەغدا و رێژەی %17 بەردەوام نابێت. بۆڕییە ستراتیژەكانیش رێگەی بوژانەوە و سەركەوتنی هەموو بەشەكانی عێراقە.)) بەڵام ئەم راگەیاندنە رێك شتێكی دیكەی پێچەوانەی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە گوایە كیری لەسەر مەسەلەی ناردنە دەرەوەی تاكلایەنەی نەوت هۆشداری بە سەرۆك بارزانی داوە!

بۆ زیاتر تێگەیشتن لە چەواشەكاری ئەو راگەیاندنە سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (U.S department of state) بكەن.

چونكە من دەقی هەردوو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەم لە كنە و بە وردی هەردووكیانم خوێندۆتەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو قسەیەم تێیاندا بەدی نەكردووە، كە ئەو راگەیاندنە چەواشەكارە بڵاوی كردەوە.

كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی وەزیری دەرەوە لە بالیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەڕێوەچوو نەك ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ،‌ دەبوو راگەیاندنی كوردستان ئەگەر بە دوای هەواڵی وروژێنەر دەگەڕێ ئەو خاڵەی زەق بكردبوایەتەوە، چونكە لە كاری دیپلۆماسیدا كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هاوبەش دەكرێ نەك تاكلایەنە.

تەوەرە گرنگەكانی كۆنگرەكە ئەمانەی خوارەوە بوو:

•      نیگەرانبوونی ئەمەریكا لە گواستنەوەی چەك و پێداویستی شەڕ لەلایەن ئێرانەوە بەناو خاكی عێراق و هۆشداری دان بە مالیكی، كە پێویستە هاوكار بێت لە رۆیشتنی رژێمی بەشار، چونكە ناكرێ دەوڵەتێكی هاوپەیمانی ئەمەریكا یارمەتی ئەو رژێمە بدات.

•      نیگەرانبوونی ئەمەریكا لە دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە نەینەوا و ئەنبار و دەڵێ: زۆر بە روونی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانم گووت لە كابینەكەیدا چاو بەو بڕیارە دابخشێنێتەوە و بیانووی خراپی رەوشی ئاسایش، بیانوویەكی نا مەعقوڵە، چونكە عێراق یەكەم هەڵبژاردنی لە بارودۆخێكی زۆر لەوە دژوارتردا ئەنجامدا.

•      جەخت كردنەوە لەسەر نەكشانەوە له حكوومەت و سیستەم، كاتێك دروستكردنی كۆدەنگی مەحاڵ دەبێت نابێ بكشێنەوە و ناشكرێ بۆچوونی ئەوانیدی بە هەند وەرنەگیرێ و فەرامۆش بكرێ.

•      جەخت كردنەوە لەسەر دەستور، دابەشكردنی دەسەڵات،ئاشتەوایی، تەرخانكردی داهاتەكان و بەرەپێشبردنی سەروەری یاسا.

•      جەختكردنەوە لەسەر رەوایی خۆپشاندانی هێمنانە، كە پێویستە حكوومەت وەڵامی داخوازییەكان بداتەوە و پەنا بۆ توندوتیژی و چەوسانەوە نەبات.

•      داننان بە هەڕەشە و تەحەدییەكانی بەردەم عێراق.

•      دووپاتكردنەوە لە دامەزراندنی حكوومەتی مەدەنی.

•      دووپاتكردنەوە لە هاوكاری عێراق لە بواری پەروەردە، گواستنە و وزە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوولا.

ئەمانە و كێشەی سوریا و دەست لە كاركێشانەوەی مەعاز ئەلخەتیب و هەنگاوەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن. هەروەها هەوڵەكانی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل.

دوای ئەم خستنەرووە پێویستە ئەو راگەیاندنە وەڵامی هاووڵاتیانی كوردستان بداتەوە، كە بۆ كێ و لە پێناو چیدا ئەو هەواڵە چەواشەكارەی بڵاوكردەوە؟ ئایا ئامانج لێی بێ ئومێدكردن و ساردكردنەوەی هاووڵاتیانی كوردستانە لە مافەكانیان یا ئامانجی دیكەی لە پشتە؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار