ھیوامان وایە ئەم جەژنە سەرەتایەک بێت بۆ سەقامگیری ناوچە ئێزدی نشینەکان
دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، جەژنی سەری ساڵی ئێزدیان کۆنترین جەژنی ئێزدیانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گەردوون، راوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدیانیش دەڵێ، خەڵک بە ئازادانە جەژنەکانیان دەگێڕن.
سعود مستۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەم جەژنە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی نیسان لە ساڵنامەی ڕۆژھەڵاتیدا، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بە بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان کرایە پشوو لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان وەک ڕێزگرتنێک بۆ ئێزدیەکان".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێزدیەکان لە پەرستگای لالش و ھەموو شوێنەکانی ئێزدیان لە کەشێکی ئارامدا جەژن و بۆنەکانیان دەگێرن، ھەروەھا دەشڵێت، ھەموو ئایین و ئاینزاکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە جەژن دەکەن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ئەمەش بە پشتیوانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چونکە کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانە".
ھاوکات، خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدیان گوتی: "خەڵک بە ئازادانە جەژنەکانیان دەگێڕن و ھیوامان وایە ئەم جەژنە سەرەتایەک بێت بۆ سەقامگیری ناوچە ئێزدی نشینەکان و ئازادکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە دەست داعش".
ناوبراو گوتیشی: "ھیوادارین کوردانی ئێزدی لە جەژنەکانیان لە ناوچەکانی خۆیان بکەن چونکە ئێستا زۆربەیان ئاوارەن".
کاروان باعەدری




