٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەھۆی گرنگیدانی حکوومەت خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سامانی ئاژەڵ ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن، چونکە سود لە گۆشت و شیرەکەی وەردەگرن و لە بازاڕیش ساخدەبێتەوە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سامانی ئاژەڵ ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە بەحوکمی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی ھەبوو، ئەمەش وای کرد خەڵک توانای بەخێوکردنی ئاژەڵی نەبێت و ئالف گرانبوو و لەوەڕ نەبوو و بووە بارگرانی بەسەر خەڵکەوە، ئێستا بەحوکمی ئەوەی وشکەساڵی بەرەو نەمان دەچێت و لەوەڕ زۆربووە خەڵک جارێکی دیکە ڕووی لەئاژەڵداری کردووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئێستا نرخی گۆشت لە بازاڕ باشە و پارە دەکات، خەڵک قازانجی باش دەکات لە بەخێوکردنی ئاژەڵ، ئەم دوو ھۆکارە وای کردووە خەڵک ڕوو لە ئاژەڵداری بکات.
فیراس سدیق گوتیشی: بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی گومرگی ھاوردەکردنی ئاژەڵ ئەو ئاژەڵانەیشی گرتەوە کە بۆ بەخێوکردن ھاوردە دەکرێن، ئەمەش ھۆکارێکی دیکەیە تا خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، چونکە خەڵک پێشتر چاوی لە دامەزراندن و کارکردنی دیکە بوو، ئێستا ئاژەڵداری قازانجی زۆرە و ھەلی کاری بۆ دەڕەخسێت، خەڵک ڕوو لە ئاژەڵداری دەکات، چونکە ھەم ئاژەڵەکانیان لە بازاڕ پارە دەکات هەم بەرھەمیشی ساخ دەبێتەوە.
سدیق باسی لەوەش کرد: ئاژەڵداری چەند پێشبکەوێت کەرتی کشتوکاڵ زیاتر پێشدەکەوێت، چونکە ئەوەی ئاژەڵی ھەبێت پێویستی بە گەنم و جۆ و بەرھەمی دیکە ھەیە و کەرتەکە زیاتر فراوان دەبێت، بۆیە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن.
گوتیشی: خەڵک ئاژەڵ بۆ دوو مەبەست بەخێو دەکەن، ئەوانیش سود وەرگرتن لە گۆشت و سود وەرگرتنە لە شیرەکەیشی، چونکە ئێستا پڕۆژەکان لە زیادبووندان و ٧٨ پڕۆژەی مانگای شیرمان ھەیە کە ١٤ھەزار و ٦٩٦ سەر مانگا لەخۆ دەگرێت، کارگەی زووم لە ناوچەی بارزان ھەیە ئەویش شیر لە ئاژەڵداران وەردەگرێت و دەکرێتە ماست و دەخرێتە بازاڕ، بۆیە حکوومەت گرنگی باشی بە کەرتی ئاژەڵداری داوە و بەردەوامیش خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار