٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر: لە ھەولێر تابلۆکان کراون بە کوردی

سەرچاوە: KDP.info

  ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دوای دەرچوونی بڕیاری بەکوردیکردنی تابلۆکان لە سنووری ھەولێر بڕیارەکە جێبەجێکراوە و ئەوانەشی پابەند نابن سزا دەدرێن، دەشڵێ: سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.

د.نیاز تاھیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیاری بەکوردیکردنی تابلۆکانی شوێنە گشتییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کراوە و لە سنووری شارەوانی و ئەو سنوورانەی دەکەونە چوار چێوەی دەسەڵاتەکانی گەشتوگوزار نووسینی سەر شوێنە گشتییەکان بەکوردی کراوە و تا ڕادەیەکی زۆر بڕیارەکە جێبەجێ کراوە و پێوەی پابەندین.
بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: ئێمە دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە نووسراوی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردووەتەوە لە جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەت بۆ ئەوەی ھەموو ئەو شوێنانەی دیاری کراون تابلۆکانیان بە کوردی بنووسرێ.

د.نیاز تاھیر ڕوونی کردەوە: بڕیارەکە لە سنووری ھەولێر وەک خۆی جێبەجێکراوە و زۆربەی شوێنەکان پابەندبوونە بە بڕیاری حکوومەت، دوو جار وادەی بەکوردیکردنی تابلۆکان درێژکراوەتەوە، ئەگەر لێرە و لەوێ کەسێک یان شوێنێک پابەند نەبووە ئەوە لیژنەکانی حکوومەت بەدواداچوونی بۆ دەکەن و  لەکاتی ئاشکرابوونی هەر شوێنێک سزا دەدرێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار