وردەکاری پڕۆژەی مۆزەخانەی کەلھا نزارکێ لە دھۆک

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆک گوتی: ئەمڕۆ بەردی بناغەی مۆزەخانەی کەلھا نزارکێ لە دھۆک دانرا کە پڕۆژەیەکی زۆر گەورە و گرنگە و لە ٢٤ قۆناغ پێکدێت، ئەمڕۆ بەردی بناغەی قۆناغی یەکەم دانرا، لەماوەی یەک ساڵ قۆناغی یەکەم تەواو دەبێت و ئەو شوێنە دەبێتە مۆزەخانەیەک خەڵک بێت بەچاوی خۆی ببینێت حزبی بەعسی ڕوخاو چی بەسەر خەڵکی پارێزگای دھۆک ھێناوە.
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆک، ئەمیر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو مۆزەخانەیەی کەلھا نزارکێ ئەمڕۆ بەردی بناغەی بۆ دانرا زۆر گەورەیە و بۆ ئەوەیە بەبیر خەڵکی خۆمان بێنینەوە حزبی بەعسی ڕوخاو چی بەسەر خەڵکی ئێمە ھێناوە لە کاتی ئەنفالدا، بۆیە پڕۆژەکە گرنگی زۆری بۆ دھۆک ھەیە و بڕیاربوو پێش چەند ساڵێک دەروست بکرێت بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی دواخرا و ئەمڕۆ بەردی بناغەی قۆناغی یەکم داندرا کە بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ملیۆن دینار زیاترە و ڕووبەری پڕۆژەکە نزیکەی ١٢٠ دۆنم زەوی دەبێت، چونکە تەنیا قەلعەی نزارکێ ٢٢.٥ زەوی دەبێت، بەڵام زۆر فراوان دەکرێت مۆزەخانەکە و چەندین شوێنی جیاجیای لێ دروست دەکرێت وەکو پارک و باخچە و مۆنۆمێنت و پاراستنی شوێنەکانی ناو مۆزەخانەکەش کە وەکو خۆی نوژەن دەکرێتەوە، بۆیە دەبێتە مۆزەخانەیەکی گەورە و شوێنێکی گەشتیاریش بۆ ئەوەی خەڵک بێت بەچاوی خۆی ببینێت لە ئەنفال چیان بەسەر خەڵکی دھۆک ھێناوە.
ئەمیر عەلی گوتیشی: لە ھەر قۆناغێک کارێک دەکرێت و ھەموو ئەو کەل و پەلانەی خەڵکی ئێمەیان پێ ئەشکەنجەداوە دەپارێزرێن و شوێنەکانیش بەشێویەەکی زۆر باش نوژەن دەکرێنەوە، بۆیە لە ھەر قۆناغێک کارێک لە مۆزەخانەکە دەکرێت، لە ٢٤ قۆناغی جیاجیا پێکدێت و بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک دروست دەکرێت.
عەلی ڕوونیشیکردەوە: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو شوێنە نوژەن بکرێتەوە و وەکو خۆی بمینێتەوە، ڕێگای ھاتوچۆی دەبێت و زۆر کاری جوانی لێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم لە ماوەی ساڵێک تەواو دەکرێت، پڕۆژەکە بودجەیەکی گەورەی دەوێت، لە ساڵی ٢٠١٠ داوای زیاتر لە ١٢ملیۆن دۆلار کرابوو، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ھەر قۆناغێک بودجەیەکی پێویستە.
ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەم پڕۆژەیە بۆ دھۆک زۆر گرنگە بۆ کەس وکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و پاراستنی فەترەیەکی مێژوویی دھۆک و ئەو کارەساتەی بەعس بەسەر خەڵکی دھۆکی ھێناوە و دەبێتە شوێنێک ھەمیشە لە بیرەوەری ئێمەدا دەمینێتەوە، بۆ ئەوەی ھیچ کات لەبیری نەکەین و ئەو دەستکەوتانەیش بیاپارێزین کە بەدەستهاتوون، بەتایبەت بۆ جیلی ئێستا ئەنفال و کۆچی ملیۆنییان نەبینیوە ئەمە دەبێتە بەڵگەیەکی باش بۆ ئەوان بە چاوی خۆیان ببینن چ غەدرێک لە کورد کراوە و ئەو دەستکەوتانە چۆن بەدەستھاتوون، ھاوکات دەبێتە شوێنێکی ئابووری و خەڵک سەردانی دەکات و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی خۆمان دەڕەخسێنێت، بۆیە پڕۆژەکە زۆر زۆر گرنگە بۆ پارێزگای دھۆک.
بڵند ئیبراھیم




