٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: ئەنفال و کیمیاباران شانبەشانی هۆلۆکۆستە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە _KDP.info_ ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە مەراسیمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەنفال بەڕێوەچوو، پارێزگاری شارەکە دەڵێ: هەڵەبجە خاوەنی ئەنفال و کیمیاباران و ناپاڵمبارانە و چەندان تاوانی تریشی بەرامبەری کراوە، لە مێژووی دروستبوونی حکوومەتی عێراق، هەڵەبجە و هەورامان بە دەسەڵاتدارانی داگیرکەریان گوتووە نا.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەنفال پرۆسەیەکی بەدناوە لە مێژووی عێراقی سەردەمی فاشستدا، دەبێت ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبیریان نەچێتەوە چ نەهامەتیێکی گەورە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، ئەنفال لە 4-3-1988 دەستیپێکرد و بە هەشت قۆناغ جێبەجێکرا، واتە لەماوەی کەمتر لە مانگێک لە کیمیابارانی هەڵەبجە 182 هەزار پیا و ژن و منداڵی کورد بە شێوازێکی تراژیدی خرانە ژێر خۆڵەوە.

ئازاد تۆفیق دەڵێ: کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران شانبەشانی هۆڵۆکۆستی جیهانییە، هەڵەبجە کیمیاباران و ئەنفال و ناپاڵامبارانی هەیە، چەندان تاوانی تری بەرامبەر کراوە، ئەمە مێژووی هەڵەبجەیە.
لە مێژووی دروستبوونی حکوومەتی عێراق، هەڵەبجە و هەورامان بەردەوام بە دەسەڵاتدارانی داگیرکەریان گوتووە نا، ساتی دامەزراندنی کۆماری مەهاباد، هاووڵاتییانی عەنەب و خورماڵ و بیارە بەهۆی تەقەی خۆشی و دۆزینەوەی ئەدەبیاتی کۆماری مەهاباد لە ماڵەکانیان دەزگیرکران.

پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: داوا دەکەین حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هێنانەوەی ڕووفاتەکان و یادکردنەوەیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی، برینی ئەنفال ساڕێژ بکات.

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار