عەلی تەتەر: بەردی بناغەی مۆزەخانەی کەلها نزارکێی وەک سیمبۆلی ئەنفالی بادینان دانا

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال دەڵێت، بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، زۆرینەی قوربانیانی ئەنفال، ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال، بەردی بناغەی بۆ مۆزەخانەی "کەلها نزارکێ"، وەک سیمبۆلی ئەنفالی بادینان دانا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، زۆرینەی قوربانیانی ئەنفالی بادینان، ژن، منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون.هەروا لە ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالدا، دەیان هەزار کەس دەربەدەر کران و ئاوارەبوون.
د. عەلی تەتەر ئەوەشی خستەڕوو، "بە درێژایی مێژوو، هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دراوە، بەڵام ئەوەی ساڵی 1988 بەرامبەر بە گەلی کوردستان کرا، گەورەترین و دڕەندەترین هەوڵی رژێمی بەعسی لەناوچووی پێشووی عێراق بوو. بەداخەوە ئەو کات، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرانبەر ئەم تاوانە گەورەیە بێ دەنگ بوو و هەڵوێستیان نەنواند".
ئەنفال، کە بە جینۆسایدکرانی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگریی نیشتمانیی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200,000 چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182,000 هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 4500 گوندیش خاپوور و وێران کرا.




