٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داواکاری ئێمە له‌ یادی ئه‌نفالدا ئەوەیە ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاری کراوە سبەی لە ھەرێمی کوردستان یادی ئەنفال بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و داواکارین لەو یادە حکوومەتی عێراق ئاور لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ناوچەکانیان بداتەوە و بڕیاری دادگای تاوانەکانی عێراق جێبەجێ بکات.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی یادی ئەنفال لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە کە ١٤ی٤ی ھەموو ساڵێکەو پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێداوە وەکو ناساندنی ڕۆژی ئەنفال، بۆ ئەم مەبەستە سبەی لە گەرمیان و مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ، ھەروەھا لە سنووری سلێمانی ڕێورەسمی تاجە گوڵینە ئەنجام دەدرێت و ھەر سبەی لە قەلعەی نزارکێ لەژێر چاودێری پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی مۆزەخانەی ئەنفالی بادینان دادەنرێت، لە سنووری دھۆک و لە زانکۆی چەرمۆش کۆنفڕانسێک لەبارەی جینۆساید ئەنجام دەدرێت".

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "ئێمە وەکو وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بەیاننامەمان دەبێت و لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنەکانیش بەیاننامەیان دەبێت وەکو یادکردنەوەی ئەو یادە".

حەمدی باسی لەوەشکرد: "داواکاری ئێمە لە حکوومەتی عێراق لەم یادە ئەوەیە ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ بکرێت و گرنگی دان بەناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال و گرنگی پێدان و ھەوڵدان بۆ ھێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان و چاودێریکردنی دۆخی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ناوچەکانیان کە حکوومەتی عێراق وەکو پێویست ئاوری لێ نەدایه‌وە، ھاوکات پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو ناوچانەی زەرەر و زیانی ئەنفالی بەرکەوتووە خزمەتی ئەو ناوچانە بکات و بوودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان بکات، بۆیە داواکارین حکوومەتی عێراق بێتە سەر خەت و ئەو داواکاریانەی کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێ بکات".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار