٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.زێدا محەمەد: پێشبینی دەکەین ئەمساڵ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم بەرھەم بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەگەڵ بەغدا دەست بە دانوستان دەکەین بۆ وەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران و بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵیش ھەندێک ئاڵۆزە لەبارەی وەرگرتنی گەنم، دەشڵێ: پێشبینی دەکەین یەک ملیۆن و ٥٠٠ھەزار تۆن گەنم بەرھەمبێت.

د.زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕوپێوێکی سەرتاسەری بۆ ڕووبەری چێندراوی گەنم لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و بڕیارە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێ دەربێنین، چونکە ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی پلانی عێراق بەرھەمی گەنمی خۆیان پێشکەش دەکەن، ھێشتا ڕاپۆرتی کۆتایی نەگەیشتووەتە دەستم بۆ پەسەندکردن، بەڵام مەزەندە دەکەین ئەمساڵ دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆنم لە ھەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندرابێت، ئەمە جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم.

بەڕێوەبەری گشتی پلان دانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵ ھەندێک ئاڵۆزە، چونکە بەپێی پلانی عێراق پێنج ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، ئێمە پێشتر پلانی خۆمان ناردووە بۆ عێراق کە سێ ملیۆن و ٢٠٠ھەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا داچێندراوە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنمە و خراوەتە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵی بەرھەمی گەنم،  ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمان ھەیە بەناوی لیژنەی پلانی ھەرێم، ھەموو ھەوڵێک دەدەین ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زیاد بکرێت.

د.زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەست بە دانوستان دکەین و ئەو ڕوپێوە زانستییە دەکەینە بەڵگە و پێوەر بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران، لەبەر ئەوەی ساڵی ڕابردووش ٣٧٥ ھەزار تۆن وەک پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری کرابوو، بەڵام دواتر سەردانی بەغدامان کرد و ڕێژەکەمان بەرزکردەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار تۆن.

پەیوەست بە زیادبوونی بەرھەمی ئەمساڵ د.زێدا محەمەد گوتی: ئەمساڵ بەھۆی ھاتنی بارانی زۆر پێشبینی دەکەین بەرھەمی گەنم ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات، ھەرچەندە ھێشتا وەرزی دروێنە ماوە تا بزانین ئەو بەرھەمە باشەی ئێستا چۆن دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبنی دەکەین ئەمساڵ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن بەرھەمی گەنممان لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار