٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیر بۆ KDP: شۆڕشێکمان لە بواری چاکسازیی دەرماندا کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی دەرمان دراوە و دەشڵێ: "ئێمە لەم کابینەیەدا شۆڕشێکمان لە بواری چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا کردووە".

دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتان بەردەوام لە پێشکەوتندایە لە ڕووی پسپۆڕی و ئامێر و ژێرخانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەوەی بتواندرێت چارەسەری  نەخۆشەکانی پێ بکرێت، چونکە پێشتر ھەندێک خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بوونیان نەبوو وەکو ھەندێک نەشتەرگەری و پشکنین و ھەندێک ئامێر و پسپۆڕی، بەڵام ئێستا لە زۆرینەی بوارەکان وەکو پسپۆڕییەکانی بواری پزیشکی و نەشتەرگەری، پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ئێستادا لە عێراقیشەوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن".

بەرزنجی گوتیشی: "بۆ کوالیتی دەرمانیش ئێمە هەر زوو دەستمان پێکرد و سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکان، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەھێز و پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەم، بۆ یەکەمجار چەندین چاکسازی لە بواری دەرمان و پێداویستیی پزیشکی کرا، بۆیە لە هەرێمی کوردستان شۆڕشێکمان لە بواری چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا کردووە".

دەشڵێت: "ھاوردەکردنی دەرمان ھەر وا بە ئاسانی نییە و ھەر دەرمانێک بێتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی کۆمەڵێک رێنمایی، پشکنینی بۆ دەکرێت ئەو کات رەزامەندی لەسەر دەدرێت و ستیکەری لێدەدرێت و دەکەوێتە بازاڕەوە، بۆیە ھەر وا بە ئاسانی دەرمان ناتواندرێت ھاوردەی ھەرێم بکرێت، چونکە پێویستە سەرچاوەی دەرمانەکە دیار بێت و ئەگەر دیار نەبێت، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک وەریناگرین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار