پردى دەربەندى ڕانیە سەدا دووی کارهكانی ماوه و ٩٨%ی تەواو بووە

ڕانیە-KDP.info- ڕۆژى ١٣ى ئۆکتۆبەرى ساڵی ٢٠٢٠، مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان، بەردى بناغەى پڕۆژەى دەربەندى ڕانیەى بە بودجەى ١٢ ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دینار دانا، بەڕێوەبەرى ڕێگاوبانى ڕاپەڕینیش دەڵێ، ٩٨%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و کارکردن بۆ تەواوکردنى سەدا دووەکەش بەردەوامە، کە تەواوبوونى پڕۆژەکە، خزمەتێکى گەورە بە ئیدارەى ڕاپەڕین دەکات.
تاریق خدر، بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى ڕێگاوبارنى ئیدارەى ڕاپەڕین، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "پردى دەربەندى ڕانیە ٩٨%ی کارەکانى تەواو بووە، ئەوەى ماوە تەواوکردنى ڕووبەرى سەوزایی و کارەکانى ڕووناکیى پردەکەیە، هەروەها کاندڕەیل و هانتڕێلى پردەکەش ٢%ی کارەکانی بۆ دەکرێت".
مانگى ١١ى ساڵى ٢٠٢٠، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستى پێکرد، کە تێچووەکەی ١٢ ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دینارە، ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگ بوو، قەزاى دووکان و پارێزگاى سلێمانى بە ئیدارەى ڕاپەڕینەوە دەبەستێتەوە، پردەکەى پێشووش تواناى گواستنەوەی بارهەڵگرى نەمابوو.
خدر دەشڵێ، پڕۆژەى پردى دەربەندى ڕانیە، بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، شەو و ڕۆژ کارکردن تێیدا بەردەوام بوو، بەڵام بە هۆی قەیرانى داراییەوە کاتى تەواوبوونى دواکەوت، ئەگەرنا وادەی تەواوکردنى پڕۆژەکە تەنها یەک ساڵ بوو، لە سەرەتادا زۆر بە خێرایى کار لە پڕۆژەکەدا دەکرا، کە تەواوبوونى ئەو پڕۆژەیە، گرنگییەکى زۆرى دەبێت بۆ ئیدارەى ڕاپەڕین لە ڕووى بازرگانى و گەشتیارییەوە.

عەزیز ڕەسووڵ




