٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامه‌كانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕێكخستنی ناوماڵی کوردی زۆر گرینگن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنەوە، بکەنە بنەما بۆ رێککەوتن و چارەکردنی کێشەکان. دەشڵێ، پەیامی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت، بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرینگن.

سامان شاڵی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەو پەیامانەی لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتەوە بڵاو کرانەوە بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، پەیامی زۆر گرینگن بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە لە کاتێدایە کە رەوشی ناوماڵی کورد ناتەبایی و شڵەژانی تێدایە، بەڵام ئەم جەژنە پەنا بە خوا دەبێتە ھۆی خێر و خۆشی بۆ ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دوو مووچەش دابەش کران، ھیوایەک گەڕاوەتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەمەش ھەنگاوێکی گرینگە.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتیشی، ھیوادارین ئەو ئارامییەی ئێستا لەنێو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستاندا دروست بووە، رەنگ بداتەوە بۆ ناو لایەنە سیاسییەکانیش، تا ھەمووان پێکەوە ئەو ئارامییە بەرەو خۆشی بەرن و پێکەوە ببنە سەرمایەیەک، لە دوای پەیامی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، لەسەر مێزی دانوستان کێشەکان چارە بکرێن.

شاڵی روونی کردەوە، زۆر خاڵ ھەن، پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەسەریان بگەنە رێککەوتن و ھەنگاوێک بەرەو پیشەوە بچین، ئەو ئومێدەش بۆ یەکگرتنی لایەنەکان پێویستی بە کۆبوونەوەی گشتی ھەیە لە نێوان ھەموو لایەنەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، تا بتوانین بەرەو ھەڵبژاردنێکی پاک و پێگەرد بچین و ھەموو حزبەکانیش بەشداری بکەن.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار