بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی بۆ KDP: پارتی ھەمیشە پەیامی ئاشتەوایی پێیە

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ھاتنی جەژنی ڕەمەزان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ھاتووە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ھەمیشە جەخت لەسەر ھاوڕیزی و ھەماھەنگی سەرجەم حزب و ھێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەینەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە سەقامگیری سیاسی ھەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، پارتی ھەمیشە پەیامی ئاشتەوایی پێیە، چونکە ئەرکی قورسە و ھەرێم لەسەر شانی پارتییە، ئەگەریش لایەنەکان بەپیل ئەو پەیامەوە بێن خەڵکی کوردستان پێی دڵخۆش دەبێت و ھەموو لایەنەکانیش قازانجی لێ دەکەن.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر گرنگ بوو بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەریکردووە، لەبەر ئەوەی پارتی گەورەترین پارتی ھەرێمی کوردستان و حیزبی سەرەکییە، بۆیە ھەمیشە دەستپێشخەری ئاشتەوایی لە پارتیەوە بووە، چونکە لەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستانی تێدایە ھەموو خەڵکی کوردستان چاوی لە پارتی بوو کە ھەڵوێستێکی نەتەوەیانەی ھەبێت، بۆیە ھەمیشە ھەڵوێستەکانی پارتی دەبنە کۆکەرەوەی ھەموو لایەنەکان، ئومێدەوارین لایەنەکانی دیکەی کورد لەوە تێبگەن پێکەوە نەبین ڕەنگە ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت، بۆیە پارتی بە ئەندازەی ھەموو لایەنەکان قورسایی و ئەرکی لەسهر شانه و سەنگی ئەو قورسایەی ھەڵگرتووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەموو خەڵکی کوردستان ئەو کیانەی ھەمانە بیپارێزین".
کرمانج عزەت گوتیشی: "ئامانجی پارتی لەوەش ئەوەیە لە عێراق و لە ناوچەکەش گوێ لە داواکاری ھەرێمی کوردستان بگیرێت و چیتر لە چوارچێوەی دوژمنایەتی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە ئاشتەوایی باشترین چەکە بۆ ئەوەی پارێزگاری پێ لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکەین و ئەگەر یەکگرتوویی خۆمان سەر لەنوێ بنیات بنێین خەڵکی کوردستان پێی دڵخۆش دەبێت و ھەمووشمان قازانجی لێ دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




