بۆ دۆست و دژمنیش دەرکەوت مەسروور بارزانی دەتوانێت قەیرانەکان تێبپەڕێنێت

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى، لە فەرمانێکیدا بڕیاری دا بە پێدانى زەویى یەکەى نیشتەجێبوون بە فەرمانبەران، ئەوەش ڕەزامەندیى فەرمانبەرانى بەدواى خۆیدا هێناوە، وەزارەتى شارەوانیش ئامادەکارییەکانى لە تەواوى شار و شارۆچکەکان دەست پێکردووە.
نێچیرڤان ئەمین، کارمەندى تەندروستى، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "وەک کارمەندێکى تەندروستى لە پارێزگاى هەڵەبجە، دەستحۆشى لە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى دەکەین بۆ بڕیارى پێدانى پارچەزەوی بەو فەرمانبەرانەى سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنى زەوى، ئەم بڕیارەش فەرمانبەرانى دڵخۆش کردووە".
ئەمین دەڵێ: "بڕیارەكە گرنگییەکەى لەوەدایە، لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیرى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، ئەو خێزانانەى خاوەنى زەوى و یەکەى نیشتەجێبوونى خۆیان نین، ئەم بڕیارە دەیانکات بە خاوەنى خانووى خۆیان، لەگەڵ دابەشکردنى زەویی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەریاندا، هەلی کاریش زیاد دەبێت و بازاڕ بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە فەرمانبەران چاویان لەوەیە سەرۆکوەزیران بڕیارى باشتر لە بەرژەوەندییان دەربکات".
زانا ڕەحمان، مامۆستا، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "من وەک فەرمانبەرێکى حکوومەت، دڵخۆش بووم بە بڕیارى سەرۆکوەزیران بە پێدانى زەوى بە فەرمانبەران، سوپاسى دەکەین کە چەندین موژدەى بە فەرمانبەران و خەڵکى کوردستان دا، لە پێدانى دابەشکردنى دوو مووچە و پێدانى زەوى بە فەرمانبەران، من خۆم ٢٢ ساڵە خزمەتم هەیە و تاکو ئێستا بێبەش بووم لە وەرگرتنى زەوى، بۆیە ئەم بڕیارە گوڕوتینى زیاتر بە فەرمانبەران دەدات".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "بڕیارەکە لە کاتێکى گرنگدا بوو، کە نیگەرانى بە فەرمانبەرانەوە دیار بوو بە هۆى نەدانى مووچە لە کاتى خۆیدا و سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان لەلایەن بەغداوە، هەروەها پێدانى زەوى زیاتر لە ١٥ ساڵ دەبوو ڕاگیرابوو، بۆیە ئەو بڕیارە خۆشحاڵى و ڕەزامەندیى فەرمانبەرانى لێ کەوتەوە، داواش دەکەین شارەوانییەکان ڕێکارەکانى دابینکردنى زەوى خێرا بکەن".
هەر لەوبارەیەوە، سەلوە حوسێن، فەرمانبەر، بە ماڵپەڕی فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردساتى ڕاگەیاند: "هەنگاوەکانى سەرۆکى حکوومەت جەژنانە بوو و دڵى فەرمانبەرانى خۆش کرد، من فەرمانبەرم و لەگەڵ هاوپیشەکانم کۆنتاکتم هەیە، بۆیە دەزانم چەندە بووەتە جێگاى ڕەزامەندییان، پێدانى زەویش بە فەرمانبەران دەستکەوتێکى زۆر گەورەیە، چونکە زۆرێک لە فەرمانبەران کێشەى نیشتەجێبوونیان نامێنێت".
"چارەسەرکردنى کێشەى مووچە، زۆر کاریگەرى هەبوو لەسەر ژیانی خەڵک، کە بە ڕاستى تەنها لە هەفتەیەکدا دوو مووچە دابەش کرا، بۆیە دەبینین چەندە خەڵک دڵخۆشە و بۆ دۆست و دژمنیش دەرکەوت ئەوە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییە دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو قەیرانەکان تێبپەڕێنێت و ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خەڵکى خۆیدا".
ئەو فەرمانبەرە واى گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




