ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی گۆڕان: پێداگری پارتی نه‌بوایه به‌غدا به ئاسانی پاره‌ی نه‌ده‌نارد

ھەولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه پێداگری پارتی بۆ ئه‌م قۆناغه گرنگ بوو چونكه پێویست بوو هێزێك له به‌رانبه‌ر به‌غدا بوه‌ستێته‌وه و پێی بڵێت كوردیش له‌م عێراقە خاوه‌ن مافه و ناكرێت ناحه‌قی به‌رانبه‌ر بكه‌ن.
دڵشاد ڕه‌شید مه‌لا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: پێداگری پارتی بۆ ئه‌م قۆناغه گرنگ بوو چونكه ئه‌و پێداگیریه نه‌بوایه به ئاسانی به‌غدا پاره‌ی مووچه‌ی نه‌ده‌نارد، هه‌رجاره و به بیانوویه‌ك پاساویان ده‌هێنایه‌وه، خه‌ڵكیش ئێستا تێگه‌یشتووه كه ناكرێت هه‌موو هه‌نگاوێك به بیركردنه‌وه‌ی ته‌سكی حزبی سه‌یر بكرێت، ئه‌مه‌ی پارتی كردوویه‌تی با ده‌ستخۆشی لێبكرێت، ئیتر بۆ ده‌بێت سه‌نگه‌ر لە یه‌كتری بگرین.
ڕایشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و میله‌تی خۆی ڕاستگۆبێت و بۆ چه‌واشه‌كاری کارنەکات ئه‌و ده‌یباته‌وه، پارتی بۆ ئه‌م قۆناغه كارێكی باشی كرد هه‌م سووربوو له‌سه‌ر داواكاری هه‌م بڕوای به غدا هێنا بۆ داواكاریه‌كانی كوردستان.




