دوای دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ھەنگ دەکەن
__2024_04_08_h16m1s58__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم بازاڕی بۆ ھەنگوینی کوردستان لە دەرەوەی دۆزیەوە ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ ئەوەی ھەنگوینی ئەسڵی بەرھەم بێت پێویستمان بەوە ھەیە کەش و ھەوا گونجاو بێت وەکو ھەنگوینی دیکە نیە دەستکاری بکرێت، بۆیە ئێمە بەردەوام خۆمان ئامادە دەکەین و لە ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا بەردەوام ھەنگوینی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت لە ڕێگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو مەرجانەی دیاریکراوە پێویستە لەپشکنین دەربچێت، واتا پێشتر کۆمپانیا لە ئێمەی دەکڕی و بەناوی خۆیان دەیانبردە دەرەوە، بەڵام ئێستا لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمپانیا دێت ھەنگوین بەنرخێکی گرانتر لەپێشتر بۆ ھەر کیلۆیەک بە ٢٥ ھەزار دینار لە ئێمە دەکڕێت و خۆیان قوتووبەندی دەکەن و بەناوی کوردستان ھەناردەی وڵاتی قەتەری دەکەن، چونکە پێشتر ھیچ ناوێکی ئێمەی لەسەر نەبوو و بەھەڕەمەکی بوو ئێستا لەبازاڕەکانی دەرەوە بەناوی کوردستان ھەنگوین دەفرۆشن".
عارف شێروانی دەشڵێت: "لە دەرەوەی خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە بەھۆی ئەوەی ھیچ دەستکاری ناکرێت و دەرمانی پێنادرێت، شێروانی باسی لەوەشکرد، لە ھەرێمی کوردستان ٨٠٠ ھەزار کورە ھەنگمان ھەیە و بەرھەمی ھەنگوینی ئەسڵی دەگاتە ھەزار تەن، بۆیە ئەمساڵ ئامادەکاری باشمان کردووە و بڕیارە لە مانگی ھەشت ھەنگوینی ئێمە پێ بگات، بۆیە بەھۆی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ھەنگوینی کوردستان ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوویان لەخێوکردنی ھەنگ کردووە و خولێکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان کرایەوە، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی ھەنگ و بەخێوکەری ھەنگیش زۆر زیادبووە و خەریکین ئامارێک ئامادەبکەین، بۆیە ئێستا ھەنگوین وەکو بەرھەمەکانی دیکە بۆتە بەرھەمێک ھەناردەی دەرەوە دەکرێت بەشێوەیەکی فەرمیی، کە ئەوەش دەستکەوتێکی دیکەیە بۆ ھەرێمی کوردستان".
دەشڵێت: "پێشتر کیلۆی ھەنگوین بە ھەرزان لەئێمەیان دەکڕی کە نەدەگەیشتە ٢٠ ھەزار دینار و پارساڵ حکوومەت بە ٢٠ ھەزار لە ئێمە دەیانکڕی و ئەمساڵ بۆتە ٢٥ ھەزار دینار و بەردەوام نرخەکەشی زیاد دەبێت، چونکە ھەنگوین جیھانییەن ھەرزانە، بۆیە تەنھا ھەنگوینی کوردستان و یەمەن و سعوودیا گرانە و ئەوانەی پاکستان و ئەفغانستان نرخی ھەنگوین بە چوار دۆلارە و ھەرزانترە".
بڵند ئیبراھیم




