وەزارەتی دارایی: ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆ KDP ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و چاوەڕێ دەکەین وەزارەتەکان لە ماوەیەکی نزیکدا دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانمان بۆ ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی دوای جەژن ئێمەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتووگۆی لەسەر بکەین.
ھونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک پێشنیار و بنەمامان دیاریکردبوو کاتێک بوودجە ھەموار بکرێتەوە چۆن پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکەینەوە، بۆیە ئێستا دوای ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق دۆخەکە لەبارە بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوە جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە، بۆیە نووسراوێکی فەرمیمان بۆ سەرجەم وەزارەت و داموودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە بۆ ئەوەی دەست بکەن بە ڕێکارەکان بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە دەست پێبکاتەوە و ئێستا پڕۆسەکە لە بواری جێبەجێکردن دایە، بەڵام پڕۆسەیەکی وردە و کاتی پێویستە، بۆیە ئومێد دەکەین لەچەند ھەفتەی داھاتوو وەزارەتەکان دۆسیەکان بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین لەماوەیەکی نزیکدا پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکەینەوە".
ھونەر جەمال ڕوونیشیکردەوە: "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق باسی پلەبەرزکردنەوەش ھاتووە و دوای جەژنی ڕەمەزان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق باسی لێوە دەکەین، بۆیە ئومێد دەکەین بتوانین لەنزیکترین کاتدا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە و ئەم مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە".
ناوبراو دەشڵێت: "پێویستە بزانین ئەگەر پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە پێویستی بە چەند پارە ھەیە، ھەروەھا پێویستە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران بکرێت، کە پێویستی بەکۆمەڵێک ڕێکار ھەیە، ھاوکات باسی لەوەشکرد، داوامان کردووە وەزارەتەکان بەزووترین کات سەرجەم دۆسیەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانمان بۆ ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش وردبینی بۆ بکەین و دواتریش لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتووگۆی لەسەر بکەین و ئالیەتێک دابنرێت بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە".
بڵند ئیبراھیم




