٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یادگار مەحموود: پارتی دەیەوێ پرۆسەی سیاسی لە عێراق ڕاست بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_  پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ھەڵوێستی پارتی لە بەرامبەر بڕیار و جوولەکانی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ھەبووە، دەشڵێ: پارتی دەیەوێ پرۆسەی سیاسی لە عێراق ڕاست بکرێتەوە.

یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی ھەموو حکوومەتەکانی عێراق پێکبێن ڕێککەوتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەبووە، بەڵام بەداخەوە ھەر جارە و بەبیانوویەک خۆیان لە ڕێککەوتنەکان دزیوەتەوە و جێبەجێیان نەکردووە، چەندین ساڵیشە دەستوور پێشێل دەکرێت و ھاوار دەکەین پابەندی دەستوور بن با بڕگەو ماددەکانی پێشێل نەکرێت کەس گوێی لێنەگرتین.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: حکوومەتی ئێستای عێراق بە ھەوڵی پارتی دامەزراوە و ڕێککەوتن ھەبووە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ھەڵوێستی  پارتی لە ڕۆژانی رابردوودا کاریگەری ھەبوو لەسەر ڕەوشەکە، تەنیا پارتییە لەکاتی پێویست بە ھەندێ لایەن دەڵێ ستۆپ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان ھەڵوێستەکەی پارتی لەڕووی سیاسی و ئابووری چەند کاریگەر بوو.

یادگار مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە چوارچێوەی سیاسەتی سەرۆک بارزانی بەرەنگاری ھەموو ئاستەنگ و بڕیارەکان دەبینەوە و ڕێگە نادەین مافەکانمان پێشێل بکرێت، ھەرچەندە ئەو دژایەتییەی دەکرێت بۆ سەر ھەموو کورد و ھەرێمی کوردستانە، بەڵام تەنیا پارتی دژیان دەوەستێ، ئێمە نەک بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵکو دەمانەوێ لە عیراق پێداچوونەوەیەک ھەبێت و ئەو بارە لارە ڕاست بکرێتەوە و پرۆسەی سیاسی بکەوێتە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار