بەنداوی گۆمەسپان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: بەنداوی گۆمەسپان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و توانای گلدانەوەی ٧٠ملیۆن مەتر مکەعەب ئاوی ھەیە و دەتوانرێ بۆ ئاوی خواردەنەوە و ئاودێری سوودی لێ وەربگیرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەنداوی گۆمەسپان زۆر گرنگە بۆ پارێزگای ھەولێر و ئێمەش پلانێکمان پێشکەشکردووە، دیراسەی پلانەکە دەکرێت بۆ ئەوەی وێستگەیەک لەسەر بەنداوەکە دابنرێت تا بتوانین لەو بەنداوە ئاو بۆ ھەولێر دابینبکرێت، ئەگەر دیراسەکە تەواوبێت ئەوکات دەتوانین پڕۆژە بۆ دابینکردنی ئاو لەسەر بەنداوەکە ئەنجام بدەین.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: بەنداوەکە ئەوەی ئێستا ھەیە زۆر لەوە بچووکترە کە دەبیندرێت ئەو ھەموو ئاوەی تێدا گلدراوەتەوە، چونکە ئەگەر ئەو بەنداوە تەواوبکرێت دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە توانای گلدانەوەی ٧٠ملیۆن مەتر مکەعەب ئاوی ھەیە، ئەوکات دەتوانین بۆ ئاودێری و ئاوی ماڵانییش پڕۆژەی زۆری لەسەر دروست بکەین و بۆ ھەولێر و دەوروبەریشی سوودی لێ وەربگرین.
بڵند ئیبراھیم




