٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: مووچه‌ مافێكى سروشتیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2024/4/7 دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید سه‌ركۆمارى عێراق، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا گوتى:

وەك دوێنێش باسم كرد كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو هەم لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەم لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران، هەم لەگەڵ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، كۆبوونەوەكەمان باش بوو. بابەتی هەرێم و بەغدا، هەروەها دۆخی بەغدا و سەردانی بەڕێز سەرۆك وەزیران بۆ ئەمەریكا، ئەمانەمان هەموو لەو كۆبوونەوانەدا باس كرد.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بێگومان من وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی كە پەیوەندیی هەبووە بە ئێمەوە، ڕۆژەكەمان دەستنیشان كردووە و هیوادارین هێزە سیاسییەكان هەموویان پێكه‌وه‌ بگەنە باوەڕێك و تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن بكرێت.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا ده‌رباره‌ى دابه‌شكردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، به‌ڕێزیان گوتى:ئەوەی ئێستا لە بەغدا و لە هەرێمی كوردستانیش دەیبینم، سەرۆك وەزیرانی هەرێمى كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیران لە بەغدا لە پەیوەندییەكی بەردەوامدان بۆ ئەوەی پرسی مووچە پەنا بە خوا بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت و وای لێ بێت كە مووچە نەبێتە هەواڵ. بێگومان ئەمە مافێكی سروشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە. دەمەوێ سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگرییان كە تا ئێستا بەرگەیان گرتووە و بەغدا دەبێت مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات بەپێی ئەوەی كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش بەشێكن لە مووچه‌خۆرانی عێراق.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دیكه‌دا ده‌رباره‌ى سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى به‌ڕێز سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق، ئاخۆ سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات؟ به‌ڕێزیان گوتى:

ئەمیش بابەتێك بوو، تەوەرێك بوو لە كۆبوونەوەكاندا باسمان كرد، تا ئێستا وەك پرۆتۆكۆل باسى دیدار لە هەولێر نەكراوە، تەنیا باسی دیداری كراوە كە دێت بۆ بەغدا.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى كۆتاییشدا دووپاتى كرده‌وه ‌كه‌ نوێنه‌رى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى وەفدی حكوومەتی عێراق له‌ سه‌ردانیدا بۆ واشنتۆن بەشدار دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار