میسال ئالووسی بۆ KDP: ھەڵوێستی بارزانی و پارتی چقڵێکە لەچاوی ئەو کەسانە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی ناوداری عێراقی پێی وایە، ھەڵوێستی پارتی و بارزانی بەرامبەر بە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان چقڵێکە لەچاوی ئەو کەسانەی دەیانەوێ کوردستان خۆبەدەستەوە بدات، دەشڵێ، ناکرێ ئەوانەی بەئاسانی خۆ بەدەستەوە دەدەن و ملکەچی میلیشیاکانن داکۆکیکاری مافەکانی کورد بن.
میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری ناوداری عێراقی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کە ھەڵوێستی نەگۆڕی بارزانی و پابەندبوونی بە بەھاکانی دەوڵەتی فیدڕاڵی و بەرگریکردنی لە حورمەتی دەستوور و دادپەروەری و بێلایەنی دادگا، کۆتا ھیوا و پارێزبەندی ئەو پڕۆسە سیاسییەیە کە میلیشیا لە یاسا و عورف و نەریت دەرچووەکان دزەیان کردۆتە ناویەوە، نەک ھەڵوێستی پارتی بەرامبەر ھەڵبژاردنەکان و ڕەتکردنەوەی ھەڵبژاردنێکی ئیفلیج کە مافی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان ژێر پێ دەنێت و دەرگا واڵا دەکات بۆ ئەوەی دووبارە خۆفرۆش و نەفس نزمەکان جڵەو بگرنە دەست".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "ناکرێ ئەوانەی بەئاسانی خۆ بەدەستەوە دەدەن و ملکەچی میلیشیاکانن داکۆکیکاری مافەکانی کورد و ئارامی و ئاساییشی کوردستان بن، ئەوەی چاوپۆشی بکات و ڕێککەوتن و سەفقە لەگەڵ میلیشیا وەلائییەکان بکات ئەوە مرۆڤ و ھیوا و مافیش دەفرۆشێت لە پێناو مانەوەی لە قۆڵت و زەڵکاوی گومڕاودا".
ھەروەھا گوتیشی: "ھەڵوێستی پارتی و بارزانی بەرامبەر بە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان چقڵێکە لەچاوی ئەو کەسانەی دەیانەوێ عێراق و کوردستان خۆبەدەستەوە بدات و ئەو ھەڵوێستە بڕیارێکی بوێرانەیە بەرامبەر ئەو کەسەی بییەوێت ڕژێمی دیکتاتۆری سەددام بە دیکتاتۆرییەتێکی تاییفی و گاڵتەجاڕی و دادگایەکی بە سیاسیکراوی نا شەرعی و نا دەستووری بگۆڕێت".
ئالووسی پێشی وایە: "دانپێدانان و ڕازیبوونی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی و حکوومییش لەسەر داڕشتنی یاسایەکی دەستووری بۆ دادگای فیدڕاڵی بەڵگەیە و دانپێدانانی ھەموو پارتەکانە لەسەر نا دەستووری ئەو دادگایەو، سەرەڕای ئەوەی شێواوە بە بڕیارە گوماناوییەکانییەوە خۆی دەخاتە سەرووی دەوڵەت و پەرلەمان و دەستوور و تاوانی قێزەوەن ئەنجام دەدات و ئەگەر بارزانی نەبوایە دەبا فاتیحە لەسەر دوا ھیوا لە عێراق بخوێندرابایە".
كاروان باعهدری




