بۆ جەژن گەشتیارێکی زۆر دێتە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info-گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوەدەکات، پێشبینی دەکرێت زۆرترین گەشتیار بۆ جەژنی ڕەمەزان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات، دەشڵێت، ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامادەکاریەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەستی پێکردووە و دەستەی گەشتوگوزار بە ھاوکاری و ھەماھەنگی بازگەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەوەی پێشوازی لەو گەشتیارانە بکەن کە بۆ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ڕوو لەناوچە گەشتیاریەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە جوانترین شێوە لە بازگەکان پێشوازیان لێدەکرێت و ھەموو پێداویستی گەشتیاریش ئامادەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە جەژن زۆرترین گەشتیار سوودمەندبێت".
دگوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی: "پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار دەکەین، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە جەژنی نەورۆزیش کەوتە ناو مانگی ڕەمەزانەوە، لەبەر ئەوە خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار بکەین و دڵنیاین بۆ جەژن گەشتیارێکی زۆر دێتە ھەرێمی کوردستان بۆ پشووی جەژن".
ئیبراھیم عەبدولمەجید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەستەی گەشتوگوزار پلانی ھەیە ساڵ بۆ ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکات و بەپێی ئەو پلانەی لەبەردەستە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بگەیەنێتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا ئەوەش دەبێتە ھۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و کاریگەری لەسەر ئابووری کوردستان و دەرفەتی کاریش دەبێت".
قائید میرۆ




