لە دھۆک بە گوژمەی ٢٤ملیار دینار پێنج پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ دەکرێن

دھۆک_KDP.info_ جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە لە دھۆک گوتی: بە گوژمەی ٢٤ملیار دینار پێنج پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێن.
ڕێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەنجامدانی پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامە و لەسەر بودجەی تایبەتی ئاوەدانکردنەوە پێنج پڕۆژەمان ھەن، ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، بەشێکیان دەستبەکار بوون و بەشێکیش لە قۆناغی دەستبەکاربوون دان، لەوانە ھۆڵی ڕۆشنبیری بەردەڕەش و یاریگای تۆپیپێی سێمێل، لەو دوو پڕۆژەیەدا دەست بەکار کراوە، بینای پەروەردەی بنیات لە ئامێدی و بینای دادگا ئامێدی و یاریگایەکی تۆپیپێیش لە شێلادزێ لە قۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکان دان بۆ جێبەجێکردن.
ڕێدیر سلێمان ڕوونیشی کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی نزیکەی ٢٤ملیار دیناری بۆ ئەو پێنج پڕۆژەیە خەرج کردووە، تا دوای جەژن ھەر پێنج پڕۆژە دەست بەکار دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




