ئەو بڕیارە عێراقی ناچار کرد دانوستان لەگەڵ بەرەی کوردستانی بکات

دهۆک-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد و گەلی کوردیشی لە قۆناغی شەڕی بەرگریکردن و چەکداری گەیاندە کیانێکی مەدەنی و فیدراڵی، بۆیە ئەم بڕیارە وای کرد عێراق ناچار بکات بێت دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی بکات.
ئیحسان ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە٥/٤/١٩٩١ لە ئەنجامی ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا ھات، دواتر ھێرشی دوژمنکارانەی سەربازی کرایە سەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهشت و کۆچی ملیۆنی دروست بوو و سەدان کەس بە ھۆی سەرما و بێ ماڵی و دەربەدەری گیانیان لەدەستدا.
ئامێدی گوتیشی، ئەو دۆخە تراژیدیایەی خەڵکی کوردستان و درێژەدانی خەباتی گەلی کورد و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە و بزاڤی دیپلۆماسی کورد وای کرد بارگرانییەک بۆ وڵاتانی ھەرێمی دروست بکات و بەپێی بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان ھەرکاتێک دۆخێک لە وڵاتێک دروست بێت و ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆی ھەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت و بڕیارێک بدات.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت، بۆیە چەند وڵاتێک ھاتنە سەر هێڵ و خۆیان کردە خاوەن لەو پرسە وەکو ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی ١٥ دەوڵەت کە تەنھا سێ دەوڵەت نەبێت بڕیار درا سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی رژێمی دیکتاتۆری عێراق دابنرێت و حکوومەت ناچار بە دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، بۆیە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی گرنگ و مێژووی بوو بۆ گەلی کورد.
ئیحسان ئامێدی گوتیشی، ئەو بڕیارە وای کرد رێگە بداتە وڵاتانی ھاوپەیمان و رێکخراوی نێودەوڵەتی بە ھاواری خەڵکی کوردستانەوە بێن، ئەوە بوو پڕۆژەیەک پێشکەشکرا و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا ناوچەیەکی ئارام دروست بکەن لە چوارچێوەی ناوچەی ئارام و دژەفڕین کە ئەوەش وای کرد خەڵکی ئاوارە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئامێدی دەڵێ، دوای ئەوەش لە ژێر گوشاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرگری ھێزی پێشمەرگە و سەرھەڵدان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق دانوستانی لەگەڵ بەرەی کوردستانی کرد تا چارەسەری کێشەی کورد بکەن، بەڵام رژێمی بەعس ھەر بەردەوام بوو لەسەر کاری خۆی و بڕیاری ٦٨٨ کارا بوو، کە وای کرد ھەرێمی کوردستان دامەزرا و ھەڵبژاردن ئەنجام درا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بوو و دۆخی کوردستان دوای ئەو بڕیارە لە قۆناغی شەڕی بەرگری و چەکداری خۆی بکاتە کیانێکی مەدەنی و فیدراڵی.
بڵند ئیبراھیم




