٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. زێدا بۆ KDP: وەزیری کشتوکاڵی ئوردن سەردانی ھەرێم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیری کشتوکاڵی وڵاتی ئوردن سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و دەشڵێ، یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان ھەرێم و کشتوکاڵی ئوردن دەکرێت بۆ ھاوردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی کوردستان.

دکتۆر زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تیمێک ھەیە لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، وەک ساڵی ڕابردوو دەمانەوێ بەرھەمی ناوخۆ ھاوردەی بازاڕی جیھان بکەین و ئەو بەرھەمەی ڕەوانەش دەکرێت زیاتر بکرێت".

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان گوتیشی: "ئەمساڵ کار لەسەر ئەوە دەکرێت بەرھەمی ئاژەڵی ڕەوانەی وڵاتی ئوردن بکەین، بڕیارە یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن واژۆ بکرێت لەبارەی ھەناردەکردنی بەرھەمی ئاژەڵی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە".

د. زێدا محەممەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەگەر ھیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیری کشتوکاڵی ئوردن سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بەمەبەستی ئەنجامدانی یاداشتی لێک تێگەیشتن لەنێوان ھەردوو لایەن، ھاوکات ئەو بەرھەمەی ڕەوانەی بازاڕی ئوردن دەکرێت زیاتر بەرھەمی ئاژەڵی و عەلەف دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار