فارس عیسا: پڕۆژەی هەژماری من وەك خۆی بەردەوام دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دووپاتی كردەوە، پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایش لەمبارەوە بەردەوامن.
ئەمڕۆ پێنجشەم چواری نیسانی 2024، فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن و شاندی حكوومەتی هەرێمیش كە لە بەغدا بوون، لەسەر شێوازی ناردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتوون.
فارس عیسا ئەوەیشی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند، پڕۆژەی هەژماری من وەك خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سیستمی بانكییەوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا روونی كردەوە، سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراق لەبارەی پڕۆژەی هەژماری منەوە دووپاتی كردووەتەوە كە پێشتر لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەست پێ كردنی پڕۆژەكە هاوئاهەنگییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كردووە و هیچ كێشەیەك لە پڕۆژەكەدا نییە.




