٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی فەیلی: تەنیا سەرۆک بارزانی لە خەمی کوردانی فەیلی دایە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٤٤ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی تێپەڕدەبێت، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلیش دەڵێت، تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردی فەیلی، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی سەنتەرێک دادەمەزرێت و کار بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی کوردی فەیلی دەکرێت.

عەلی فەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پار ساڵ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیمان ئەنجامدا لە ھەولێر کە یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بوو بۆ بەجینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی کە ٢٥ زانکۆ بەشداربوون و ٨٨ توێژینەوە پێشکەشکران بۆ ئامادەبووان، ھاوکات سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و نوێنەری پارتە سیاسیەکان و نوێنەری وڵاتان بەشداربوون و سەرۆک بارزانییش حکوومەتی ڕاسپارد سەنتەرێک دامەزرێت بۆ بەدواداچوون لە کاروباری کوردانی فەیلی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆیە ئێستا حکوومەت دەیەوێت بەشێوەیەکی ئەکادیمی سەنتەرەکە دامەزرێت و ھەنگاوی باشی بۆ نراوە و چاوەڕێ دەکەین ئەو سەنتەرە دامەزرێت و دەست بە کاری خۆی بکات بۆ بەدواداچوونی کێشە و گرفتەکانی کوردانی فەیلی، چونکە تاوەکو ئێستا ھیچ شوێنێک نەبووە بەدواداچوونی بۆ بکات لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی، ھەروەھا عێراقیش ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە".

بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا ٢٢ ھەزار گەنج بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان دیار نیە و ٦٠٠ ھەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران دەربەدەرکران و دەست بەسەرماڵ و حاڵیان گیرا و تاوەکو ئێستا بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە، بۆیە زیانی زۆر بەکوردی فەیلی گەیەندراوە و تاوەکو ئێستاش ھیچیان بۆ نەکراوە و تەنھا سەرۆک بارزانی و ھەرێمی کوردستان خۆیان لە کوردانی فەیلی کردۆتە خاوەن و لە خەمی ئێمەدان و کار بۆ بەجینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی دەکەن".

جێگای ئاماژەیە گەورەترین جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق سەردەمی ڕژێمی بەعس بوو لە ساڵی ١٩٨٠، کە گەورەترین زیان بەر کوردانی فەیلی گەیشت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار