وەزارەتی دارایی و ئابووریی: شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر

ھەولێر-KDP.info- شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق، کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغدا هێناو گەڕانەوە هەولێر.
ئەمشەو چوارشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغداد هێناو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان."
شایانەی باسە ئەمڕۆ چوارشەممە 3/4/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدڕال و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."




