٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولرەحمان سدیق بۆ KDP.info: ئەم کارانەمان ئەنجام دا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی: لەماوەی یەک ساڵدا لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ھەنگاوی کرداریمان ناوە و چەندین فەرمانگەی تازەشمان کردۆتەوە.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشێک لەو کار و چالاکییانەی دەستەی ژینگە لە (١٦/٤/٢٠٢٣)وە ھەتا ئەمڕۆ (٣/٤/٢٠٢٤) ئەنجامی داوە، لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت کە ئامانجەکەی لە ناونیشانێکی کۆکردۆتەوە و دەڵێت: ژینگە گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە، میکانیزمەکانیشی لە دوو خاڵی سەرەکییدا چڕ کردۆتەوە، ئەوانیش بریتین لە ھەوڵدان بۆ بەکەلتوورکردنی چەمکی ژینگەپارێزی لەڕێگەی ھۆشیارکردنەوە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان بەهۆی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەکانەوە، لەوانە لە بواری کارگێڕییدا ئەو ھەنگاوانەمان ناوە، کردنەوەی فەرمانگەیەکی نوێ بەناوی فەرمانگەی گۆڕانی کەش و ھەوا، تەواوکردنی ڕێکارە ئیداری و داراییەکانی کردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران و تەواوکردنی ڕێکارە ئیداری و داراییەکانی کردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی زاخۆ و ئامادەکردنی پەیڕەوی ڕێکخستنی پەیکەری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی: ئەو کارانەی لەبواری یاساییدا کردوومانە بریتین لە دەرچوواندنی ڕێنمای نوێی ڕێکخستنی ڕاو ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٣)، دەرچوواندنی ڕێنمایی بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٣)، دەرچوواندنی ڕێنمایی پۆلێنی پڕۆژەکان، ڕەزامەندیی ژینگەیی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٤) و دەرچوواندنی ڕێنمایی سنووردارکردنی ئاوی چارەکراوی ئاوەڕۆکان و دووبارە بەکارھێنانەوەی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) و  وەرگرتنی دوا سەرنجی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی دوا ڕەشنووسی پەیڕەوی نوێی تایبەت بە پارێزراوە سروشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، پێکھێنانی ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی بۆ کاراکردنی یاسا و ڕێنماییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتیی ژینگەی کوردستان و دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە دیارکردنی کرێی پشکنینی ژینگەیی ژمارە (٥)ی ساڵی(٢٠٢٣).

دەشڵێت:  لە بواری کاروباری ھونەری ئەم ھەنگاوانەمان ناوە: بەردەوامبوون لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ھەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی ژینگەی عێڕاقی فیدڕاڵ بۆ دانانی خاڵی پشکنینی ئاو لەسەر رووبارە سنووربڕەکان و تاوتوێکردنی کێشە ژینگەییەکان لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری (وەزارەتی ژینگەی قەتەر) بەمەبەستی دامەزراندنی سەنتەری زیادکردنی باڵندەی چێرک (حبار) لە ھەرێمی کوردستان و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ دانانی (سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی تیشکاوەرەکان) لە فەرمانگەکانی ژینگەی ھەڵەبجە، زاخۆ، راپەڕین، گەرمیان و سۆران، بەشداربوون لە (ئەنجوومەنی باڵای ئاو) بۆ کاراکردنی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی (٢٠٢٢) و ئەنجامدانی وۆڕکشۆپ بۆ فەرمانبەرانی دەستە و وەزارەتەکان لەبارەی (ئایزۆ ٥٠٠٠١. ٢٠١٨).

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: لەبواری ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندن کارمان کردووە بۆ  پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەناڵەکانی میدیای بینراو، بیستراو و خوێنراو، ھەماھەنگیمان لەگەڵ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان کردووە، کتێب و نامیلکە و پەخشنامەی تایبەت بە ژینگەپارێزییمان بڵاوکردۆتەو، بەردەوامبوویین لە ئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ و وۆڕکشۆپ و پانێڵ و کردنەوەی پێشانگای ژینگەیی، یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەخشینی سوپاسنامە بە بەڕێوەبەر و مامۆستای ئەو قوتابخانانەی ھاوکار بوون لەگەڵ فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندن بۆ ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبونەوەی ژینگەیی لە قوتابخانەکاندا و بڵاوکردنەوەی پەیامی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە یاد و بۆنە ژینگەییەکاندا و ئەنجامدانی دیداری میدیایی و نووسینی بابەتی ژینگەیی بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ھەماھەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لە ھونەرمەندان لەبواری ئامادەکردنی کلیپی ژینگەیی و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق و دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کردنەوەی خولی ھۆشیاریی ژینگەیی بۆ کارمەندانی کۆمیسیۆن.

دەشڵێت: بەشێکی دیکەی چالاکییەکانمان بەشداریی ھەفتانە بووە لە پەیمانگای پێشنوێژان و وتارخوێنانی وەزارەتی ئەوقاف بە وانەی ژینگەیی و تۆمارکردنی چەند کورتە ڤیدیۆیەکی ژینگەیی بۆ منداڵان و لاوان لەبارەی ژینگە بەگشتی.

سدیق ئەوەشی خستە ڕوو:  لەبواری گۆڕانی کەش و ھەوا، ئاراستەکردنی کەرتی تایبەت بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنانی ژینگەیی بۆ ڕێگریی لە گۆڕانی کەش و ھەوا، بەشداربوون لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەش و ھەوا و بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی لێژنەی تەکنیکی تایبەت بە گۆڕانی کەش و ھەوا و  نووسینی پلانی ھەرێم بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەش و ھەوا بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداربوون لە کۆبوونەوەکانی تیمی باڵای گۆڕانی کەش و ھەوا لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداربوون لە چالاکیی و دانوستانی کۆنفڕانسی گۆڕانی کەش و ھەوا لە وڵاتی ئیمارات (کۆپ ٢٨)، بەشداربوون لە خولی تایبەت بە ژینگە و گۆڕانی کەش و ھەوا بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگەی

زێڕەڤانیی.
لە کۆتاییدا گوتی: ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەت و دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، بەردەوام لە ئەنجوومەنی باڵای ژینگە کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی دەستە و وەزارەتەکانی حکوومەت و ئامادەکردنی یاداشتنامەی لەیەکگەیشتن لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان کردووە، پەیوەندی بەردەواممان هەبووە لەگەڵ ئاژانسەکانی وەک: جایکا، جی ئای زێد، یو ئێس ئەید، یوکەی ئەید، ھەماھەنگیمان لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و کونسوڵخانەی زۆربەی وڵاتانمان لەھەرێمی کوردستان ئاشناکردووە بە بارودۆخی ژینگە و کێشەکانی.

ساڵانە ١٦/٤ ڕۆژی ژینگەی ھەرێمی کوردستانە و لەم ڕۆژەدا کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێ.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار