٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵ: بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی ھەرێم دەچینە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەمساڵ عێراق بڕیاریداوە ھەموو گەنم لە جووتیارانی خۆیان وەربگرن، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان ڕێژەیەک دیاری دەکەن و دوای جەژنیش دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق و وەزارەتی بازرگانی عێراق دوو بڕیاریان داوە، بڕیاری یەکەم نرخی تەنی گەنم وەکو پارساڵ بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەربگرن و بڕیاری دووەم ئەمساڵ شەش ملیۆن تەن گەنم وەردەگرێت، ئەمە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانە، بەڵام لێرە جیاوازیەک ھەیە بەنیسبەت عێراق ھەموو گەنم وەردەگرن ئەوانەی ناو پلانی کشتووکاڵ و دەرەوەی پلانی کشتووکاڵی ئەمە تایبەت بەخۆیانە، بەڵام بەنیسبەت ھەرێمی کوردستان کە حیسابی سێ پارێزگای بۆ دەکات، ئەوانیش پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆکەو ئێمە لە گفتووگۆداین لەگەڵیان، چونکە پارساڵ ٥٠٠ ھەزار تەنیان لەئێمە وەرگرت، بۆیە بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزان سەردانی بەغدا بکەین و داوا دەکەین ڕێژەکە لەساڵی ڕابردوو زیاتر بێت و ئەوانیش ھاوشێوەی عێراق ھەموو گەنمی کوردستان وەربگرن، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بەرھەمی گەنم بەھۆی ھاتنی باران بارینی باش زیاتر دەبێت لەساڵی ڕابردوو".

کەریم سلێمان گوتیشی: "دوای سەردانی شاندی ئێمە بۆ بەغدا ھەموو ھەوڵێک دەدەین وەکو چۆن لەعێراق ھەموو گەنم وەردەگرن ئەوەی لەناو پلانی کشتقوکاڵی دایە و ئەوەی لە دەرەوەی پلانیش دایە بەھەمان شێوە لە ھەرێمی کوردستانیش وەریبگرن، بۆ ئەوەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش سودمەندبن و زیانیان بەرنەکەوێت، چونکە ئەم ساڵ بەرھەمی گەنمی جووتیاران زۆر زیاتر دەبێت لەساڵی ڕابردوو، بۆیە ئومێد دەکەین بگەینە ئەنجامێکی باش لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی ھەموو گەنمی ھەرێمی کوردستانیش بۆ ئەمساڵ وەربگرن".

ناوبراو دەشڵێت: "بڕیارە بەپێی پلانی ئەوان ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شەش ملیۆن تەن گەنم کە دیاریان کردووە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار